مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی خۆپیشاندان دەکەن بۆ پشتیوانی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی

02-03-2024 01:02
دروشمی خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستایان لە سلێمانی

پەرەگراف

مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی و هەڵەبجە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ پشتیوانیی لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەو بەشانوباڵی دادگاکەدا هەڵدەدەن و هێرشی تووند دەکەنەسەر حکومەتی هەرێم.

"بژی دادگای فیدڕاڵی، دز و جەردەی ڕاماڵی" ئەمە یەکێک لە دروشمەکانی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازییە کە هاوکات پڕۆژەی (هەژماری من) ڕەت دەکەنەوە بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان و داوا دەکەن بڕیارەکەی دادگا جێبەجێ بکرێت و لەڕێی بانکە عێراقییەکانەوە مووچەکانیان پێ بدرێت.

خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی لە هەڵەبجە

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی پرسی مووچەو بودجەی هەرێمی کوردستان ٢٠ لاپەڕەیەو بە وتەی شارەزایانی یاساو دارایی بڕیارەکە "ئاڵۆزەو لە هەندێک شوێندا دژیەکیی" تێدایەو قابیلی خوێندنەوەی جیاوازە.

ئەوەی لە بڕیارەکەدا بە ڕوونی هاتووە؛

ئەگەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەرنەبن نابێت ئەوە ببێتەهۆی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

مووچەخۆرانی هەرێم پێویستە هەژماری بانکی لە بانکە فیدراڵییەکان بکەنەوەو مانگانە مووچەکانیان دەخرێتەسەر هەژمارەکانیان، وەزارەتەکانی هەرێم دەتوانن ڕاستەوخۆ داوای موچە لە وەزارەتی دارایی عێراق بکەن بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم. (هەرێمی کوردستان ئەم خاڵە وک لێدان لە پێگەو سەروەریی وەزارەتی دارایی و هەرێم تەماشا دەکات).

پێدانی بەشە بودجەی هەرێم بەپێی یاسای بوجەی عێراق (ئاماژەی بە پێویستی هەموارکردنەوەی ئەو یاسایەش کردووە کە ئەوە داوایەکی هەرێمەو حکومەتی عێراقیش ڕازییە)، ناردنی بودجەی هەرێم بە سێ مەرج دەبێت کە لەو یاسایەشدا هاتووەو ئەمانەن:

هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەڕیی عێراقەوە هەناردەی دەرەوە بکات یاخود ڕادەستی حکومەتی عێراقی بکات.

هەروەها هەرێم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان ڕادەست بکات.

هاوکاری دیوانی چاودێری دارایی عێراق بێت بۆ وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.