پەرەگراف
لە بۆردوومانێكدا بۆ سەر "خانوو"یەك لە شاری كەلار "كەسێك كوژرا". پۆلیس دەڵێت "بۆردوومانەكە بە درۆن ئەنجام دراوە و لێكۆڵینەوە دەكەین تا بزانین ئەو شوێنە بارەگا بووە یان نا". بەڵام سەرچاوەیەك لە تەڤگەری ئازادی پشتڕاستی دەكاتەوە كە بارەگایەكی ئەوان كراوەتە ئامانج و دەڵێت "هەڤاڵێكمان شەهید بووە".
عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "بە درۆن بۆردوومانی خانوویەك لە گەڕەكی شەهیدانی قەزای كەلار كراوە، بەهۆیەوە یەك كەس كوژراوە".
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان وتیشی "هێشتا ناتوانین بڵێین ئەو شوێنەی بۆردوومان كراوە، بارەگای تەڤگەری ئازادی بووە یان نا، لێكۆڵینەوە دەكەین بزانین كە وەكوو بارەگا بەكار هاتووە یان نا".
بەڵام سەرچاوەیەك لە تەڤگەری ئازادی بە (ڕادیۆی دەنگ)ـی ڕاگەیاندووە "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە درۆن هێرش كراوەتە سەر بارەگایەكمان لە گەڕەكی ئاوارەكانی قەزای كەلار، بارەگاكە لە بینایەكەدایە كە سەرەوەی بارەگای ئێمە و ژێرەوەی دووكانە".
ئەو سەرچاوەیە وتوویەتی "تەنها یەك هەڤاڵمان شەهید بووە و قوربانیی دیكەمان نییە".
سەبارەت بە ناسنامەی كەسە كوژراوەكەش، سەرچاوەكەی تەڤگەر تەنیا ڕایگەیاندووە كە ئەو كادیرەیان "نازناوی (ئاراز)ـە و خەڵكی سنووری پارێزگای دهۆكە".