كونسوڵخانەی ئەمریكا: نیگەرانین بە بیستنی هەواڵی پێشێلكارییەكانی ئەم دواییەی سەر ئازادیی ڕاگەیاندن
پەرەگراف
جارێكی دیكە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر نیگەرانی لەبارەی "پێشێلكارییەكانی سەر ئازادیی ڕاگەیاندن" لە هەرێمی كوردستان دەردەبڕێت. دەشڵێت "ڕێگری لە ڕووماڵی كەناڵەكان لە كاتی سەردانەكەی سەرۆكوەزیران بۆ هەڵەبجە، وا دەردەكەوێت بە پاڵنەری سیاسی كرابێت".
كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند "نیگەرانین بە بیستنی هەواڵی پێشێلكارییەكانی ئەم دواییەی سەر ئازادیی ڕاگەیاندن، لەوانە دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس و چالاكوان لە شاری دهۆك لە هەفتەی ڕابردوودا".
هەروەها كونسوڵخانەكە دەڵێت "نیگەرانین لە ڕێگریكردن لە ڕووماڵی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە كاتی سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆكوەزیران بۆ هەڵەبجە، كە وا دەردەكەوێت بە پاڵنەری سیاسی كرابێت".
"كونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا پشتیوانی لە جێبەجێكردنی تەواوەتیی هەردوو یاسای كاری ڕۆژنامەنووسی و یاسای بەدەستهێانی زانیاری لە هەرێمی كوردستان و هەروەها لە توانای ئازادانە و سنووردارنەكراوی ڕۆژنامەنووسان بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان دەكات"، لە نووسینەكەی كونسوڵخانەی ئەمریكادا وا هاتووە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ڕۆژی 21ـی ئەم مانگە كونسوڵخانەی ئەمریكا "سوپاس"ـی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد لە بەرانبەر "كەمبوونەوەی پێشێلكارییەكان" و وتی "ژمارەیەك لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندە چاودێرەكانی ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان، نیشانیان دا كە پێشێلكارییەكانی ئازادیی ڕاگەیاندن بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ كەبوونەتەوە و لە ناویشیاندا كەمبوونەوەی بەرچاوی دەستگیركردنی ڕۆژنامەوانان".
بەڵام پێشتر كونسوڵخانەكە لە چەند ڕووداو و بۆنەیەكدا نیگەرانیی لەبارەی "پاشەكش"ـەی ئازادیی كاری میدیایی و ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستان نیشان داوە، دوایین جار لە 1ـی ئەم مانگە كونسوڵخانەی ئەمریكا وتی "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نیگەرانە لە پاشەكشەی ئەمدواییانەی ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان و پابەندە بە كاركردن لەگەڵ هاوبەشە خۆجێی و نێودەوڵەتییەكان بۆ باشتركردنی پانتایی كاری میدیا".
بە پێچەوانەشەوە، بەرپرسانى حکومەتى هەرێم پێیان وایە ئازادیى ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین لە ئاستێکى باشدایە. پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لە وەڵامی كونسوڵخانەی ئەمریكادا وتی "بە پێچەوانەی ئەوەی كە لەگەڵ ئێمە دادەنیشن، دەستخۆشیمان لێ دەكەن كە ئازادیی ڕۆژنامەگەری زیادی كردووە و لە ئاستێكی باشدایە!".
ئەوە لەكاتێكدایە پێشتریش، مارك سترۆ، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر، لەگەڵ ڕۆژنامەوانانی ژمارەیەك ناوەندی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ كە ڕۆژنامەنووس لارە فەخرەدین، نوێنەری پەرەگرافیشیان تێدا بوو، كۆبووەوەو هەمان نیگەرانیی دووپات كردەوە.
كونسوڵخانەی ئەمریكا دوای كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند "بەردەوامین لە نیگەرانیەكانمان دەربارەی پاشەكشەی ئەم دواییانەی ئازادیی ڕاگەیاندن، پاشەكشە لە نموونەی دەستبەسەركردنی هەڕەمەكیانە و پشكنینی نایاسایی ئامێری ئەلیكترۆنی و كەموكووڕی لە جێبەجێكردنی یاسای كاری ڕاگەیاندن و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی هەرێمی كوردستان".
هەروەها كونسوڵی گشتی ئەمەریكا دەستخۆشی لە ڕۆژنامەوانەكان كرد لە "بەرامبەر هەوڵە بەردەوامەكانیان بۆ ڕووماڵكردنی بێلایەنانەی هەواڵە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی هەرێم".
كارنەكردن بە یاسای كاری ڕۆژنامەوانی و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری، لەمپەرە دیارەكانی بەردەم كاری ڕۆژنامەوانین، بە تایبەتیش هەڵاواردن لە نێوان میدیاكان دەكرێت بۆ پێدانی زانیاری.