پەرەگراف
ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری، یەكێك لە سزادراوانی بادینان، پاش تەواوكردنی سێ جار سزادانی بە زیندانیكردن كە بە كۆی گشتی سێ ساڵ و شەش مانگ لە زینداندا بوو، ئێوارەی ئەمڕۆ ئازاد كرا.
بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی سزاداروانی بادینان، بە پەرەگرافی وت "گۆهدار زێباری سەرەتا بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی هەرێم بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزا درا كە دواتر بە لێخۆشبوونەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ دوو ساڵ و حەوت مانگ كەم كرایەوە، دواتر بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێل پێنج مانگ سزا درا، دواتریش بە تۆمەتی هەبوونی چەكێكی تاپڕ شەش مانگی دیكە سزا درا و ئەمڕۆ سەرجەم سزاكانی تەواو كرد".
پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسی بادینان (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا) لە ڕۆژی 16-2-2021 و پاش ماوەیەكی زۆر لە دەستگیركردنیان، لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم" سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا، تۆمەتێك كە خۆیان و پارێزەرانیان ڕەتیان كردەوە و "هیچ بەڵگەیەك"یشی لەسەر نەبوو، بە "سزای سیاسی" ناویان برد.
دوای ناڕەزایەتی و كاردانەوە و فشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سزای هەر پێنجیانی بە ڕێژەی لەسەدا 60 كەم كردەوە، بەڵام دواتر كەمكردنەوەی سزای شێروان شێروانی دەستكاری كرا و بۆ لەسەدا 50 كەم كرایەوە.
گۆهدار دەبوو لە ڕۆژی 16-3-2023 ئازاد بكرایە، بەڵام یەك ڕۆژ بەر لە ئازادبوونی، دۆسیەیەكی دیكە لە دژی كرایەوە و حەوت مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، هەرچەندە بڕیارەكە تەمیز كرا، بەڵام سزاكە تەنیا بۆ پێنج مانگ كەم كرایەوە.
لە سكاڵای دووەمدا، ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری تۆمەتبار كرا بەوەی كە لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی لە شۆفرلێتەوە گۆڕیوە بۆ تیۆتا، بەڵام خۆی ئەو تۆمەتەی ڕەت كردەوە و وتی "كە ئۆتۆمبێلەكەم كڕیوە، ئەو لۆگۆیەی پێوە بووە و من نەمگۆڕیوە".
بەشدار حەسەن، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی خۆبەخشی دەستگیركراوانی بادینان، ئەوکات بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "پاش ئەوەی كە تانەمان لە بڕیاری دادگای كەتنی هەولێر دا لەسەر سزادانی ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری بە حەوت مانگ زیندانی لەسەر گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی، كە هەق وابوو تەنیا پێبژاردن بوایە، بەڵام دادگا لەبری ئەوەی بیكاتە پێبژاردن یان بڕیارەكە هەڵبوەشێنێتەوە، تەنیا تەعدیلێكی سزاكەی كرد".
ئەو پارێزەرە وتیشی "ئەمە زوڵم و ستەمێكی زۆر گەورە بوو لەو ڕۆژنامەنووسە كرا. تەحەدا دەكەم لە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانیش یەك كەس لەسەر ئەم جۆرە سەرپێچییانە سزای بەوشێوەیە توندی بەسەردا سەپێندرابێت".
ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری ڕۆژی 16-8-2023، كۆتایی بە هەردوو ماوەی سزادانی هات، بەڵام ئازاد نەكرا و لە چاكسازیی گەورانی هەولێرەوە ڕەوانەی ئاسایشی گشتیی هەولێر كرا. سێیەم دۆسیە لە دژی كرایەوە كە تۆمەتبار كرابوو بە هەبوونی چەكی بێ مۆڵەت كە "تاپڕێكی كۆنی باپیر"ـی بوو. لەو دۆسیەشدا سزای شەش مانگی دیكە زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.
زیدان زێباری، برای گۆهدار زێباری، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف وتی "ئەو ڕۆژەی گۆهدار دەستگیر كراوە، لە ماڵی خوشكێكم بووە لە ئاكرێ، تاپڕێكی كۆنی ساڵی شەستەكان كە هی باوكی دایكمە، لە ماڵەكەدا بووە و دەستی بەسەردا گیراوە".