هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادی و ژمارەیەک ئەندام و لایەنگریان لە سلێمانی دەستگیر کران

15-02-2024 08:44
وێنەی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی ڕێگری لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی تەڤگەری ئازادی لە سلێمانی.

پەرەگراف

ئاسایشی سلێمانی ڕێگریی لە خۆپیشاندانێکی لایەنگرانی پەکەکە کرد لە ساڵیادی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادی ژمارەیەک ئەندام و لایەنگری ئەو پارتە دەستگیر کران.

میدیای نزیک لە پەکەکە بڵاویکردەوە، ئاسایشی سلێمانی زیاتر لە ٢٠ کەسی دەستگیرکردووە کە هەریەک لە "تارا حسێن و سەلام عەبدوڵا، هاوسەرۆکانی گشتیی تەڤگەری ئازادیی، هاوسەرۆکانی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی و چەندین ئەندام و وڵاتپارێزی دیکە لەناو دەستگیرکراوەکاندان".

ئەمڕۆ یادی 25 ساڵەی ئەو ڕۆژەیە كە تێیدا عەبدوڵا ئۆجەلان لە كینیا ڕفێندرا بۆ بنكەیەكی سەربازیی توركیا لە ناوچەی بندرما لە باكووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، لەو كاتەوە ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی دەریای مەڕمەڕە لە زینداندایەو ساڵانە لەم ڕۆژەدا ئەندام و لایەنگرانی پەکەکە لە سلێمانی و وڵاتانی دەرەوە خۆپیشاندان بۆ ئازادکردنی دەکەن.

دەستگیرکردنی ئەو ئەندامانەی تەڤگەر لە کاتێژدایە، ئەمڕۆیش جارێكی دیکە توركیا لەسەر پرسی پەكەكە هۆشداریدا بە یەكێتی و ئەردۆغان تۆمەتباری کردنەوە بە "پشتیوانیكردنی پەكەكە" و وتی "كاتێك پرسەكە مانەوە و ئاسایشی نیشتمانیمان بێت، تا كۆتایی دەرگاكانی لێبوردەیی دادەخەین و چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین".

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، ئەو قسانەى لەناو فڕۆکەکەیدا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا کرد لە كاتی گەڕانەوەی بۆ تورکیا دوای سەردانەكەی بۆ ئیمارات و میسر.

ئەردۆغان وتیشی "ئەگەر ڕێگە نەدرێت تیرۆریستانێك لە نزیك سنوورەكانمان دابمەزرێت، ئەوا ئێمە لەم ناوچەیەدا ئامادەی هەڵنانی هەموو هەنگاوێكین لەگەڵ دراوسێكانماندا".

لە سەرەتاى ساڵى ڕابردووەوە، تورکیا بەردەوام یەکێتى بە بوونى "پەیوەندى و پشتیوانیکردن"ـى پەکەکە تۆمەتبار دەکات و هەر بەوهۆیەوە لە ٤-٣-٢٠٢٣ ئاسمانى وڵاتەکەى بە ڕووى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانیدا داخستووە و تا ئێستا بەردەوامە.