پەرەگراف
ئەمڕۆ لە هەولێر و سنووری دهۆك لافاو دروست بوو و زیانی ماددی بە دەیان ماڵ و ژمارەیەك ئۆتۆمبێل گەیشت. پارێزگاری هەولێر لەبارەی لافاوەكەی پردی سەیداوە دەڵێت "10 ئۆتۆمبێل زەرەرمەند بوون و كەمتەرخەمیی (شۆفێرەكان) خۆیانی تێدا بووە". ئەمە لە كاتێكدایە كە كاسبكارنای بازاڕەكە دەڵێن، ژمارەیەك كۆنكرێت و پاشماوەی كۆمپانیای جێبەجێكاری بازاڕی نیشتمانەوە لەسەر ڕێڕەوی ئاوی پردەكە دانراوە و بووەتە هۆكاری دروستبوونی لافاو.
بەیانی ئەمڕۆ لە گوندەكانی سنووری قەزای بەردەڕەشی دهۆك، لافاو دروست بوو و زیاتر لە 50 ماڵ ئاویان تێچوو و زیانی ماددیی زۆری لێ كەوتەوە.
سەلمان محەمەد جاڤشین، موختاری گوندی دولێجان، بە پەرەگرافی وت "لە گوندی دولێجان ئاو چووەتە ناو چوار ماڵ، هاوكات زیانی زۆر بەر ڕێگای گوندەكە كەوتووە". لە گوندی حسێنییەی سەر بە قەزای بەردەڕەشیش ئاو چووتە ناو 50 ماڵی تر.
لە ژمارەیەك شەقام و گەڕەكی هەولێریش لافاو دروست بوو و زیانی ماددیی لێ كەوتەوە، دیاترینیان لافوای ژێر پردی سەیداوە بوو، كە ژمارەیەك ئۆتۆمبێل بە تەواوی بوون بەژَرئاوەوە. بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت "11 ئۆتۆمبێل ڕزگار كراون".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "10 ئۆتۆمبێل زەرەرمەند بوون كە كەمتەرخەمیی (شۆفێرەكان) خۆیانی تێدا هەیە. پێشتر ئەو شۆفێرانە ئاگادار كراونەتەوە كە ئێرە شوێنێكی مەترسیدارە و نابێت سەیارە لەوێ ڕابگرن، چونكە بە سروشتی خۆی یەكێك لە شوێنە هەرە نزمەكانی هەولێرە، هەروەها بازاڕێكی شەعبییە و پاشماوەی كاسبكارەكان لێرە كۆدەبێتەوە. چەند دووكانێكیش زەرەرمەند بوون". بەڵام خاوەنی یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان وتی "پێشتر ئاگادار نەكراوین كە ئۆتۆمبێل لێرە ڕانەگرین".
بەشێك لە كاسبكارانی بازاڕی سەیداوە دەڵێن، ژمارەیەك كۆنكرێتی گەورە لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكاری بازاڕی نیشتمانەوە لەسەر ڕێڕەوی ئاوی پردەكە دانراوە و بووەتە هۆكاری پەنگخواردنەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو، پارێزگاری هەولێر لەوبارەیەوە دەڵێت "پرۆژەكە (بازاڕی نیشتمان) بەشێكە لە جوانیی ئەم شارە، بەڵام بێ كەموكووڕیش نییە و لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە. كۆمەڵێك كۆنكرێت و پاشماوەی ئەو كۆمپانیایە لەو شوێنە هەیە و بڕیارمان دا ئەو كۆنكرێتانەی لە نزیكی پردەكەن، هەڵبگیرێن".