پەرەگراف
جارێكی دیکە توركیا لەسەر پرسی پەكەكە هۆشداری دەداتە یەكێتی و سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە تۆمەتباریان دەكات بە "پشتیوانیكردنی پەكەكە". ئەردۆغان دەشڵێت "كاتێك پرسەكە مانەوە و ئاسایشی نیشتمانیمان بێت، تا كۆتایی دەرگاكانی لێبوردەیی دادەخەین و چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، ئەم قسانەى لەناو فڕۆکەکەیدا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا کردووە لە كاتی گەڕانەوەی بۆ تورکیا دوای سەردانەكەی بۆ ئیمارات و میسر.
ئەردۆغان وتووشیەتی "ئەگەر ڕێگە نەدرێت تیرۆریستانێك لە نزیك سنوورەكانمان دابمەزرێت، ئەوا ئێمە لەم ناوچەیەدا ئامادەی هەڵنانی هەموو هەنگاوێكین لەگەڵ دراوسێكانماندا".
لە سەرەتاى ساڵى ڕابردووەوە، تورکیا بەردەوام یەکێتى بە بوونى "پەیوەندى و پشتیوانیکردن"ـى پەکەکە تۆمەتبار دەکات و هەر بەوهۆیەوە لە ٤-٣-٢٠٢٣ ئاسمانى وڵاتەکەى بە ڕووى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانیدا داخستووە و تا ئێستا بەردەوامە، هەروەها بۆردوومانى فڕۆکەخانەى عەربەتى کرد و سێ ئەندامى دژەتیرۆرى کوشت.
چەند ڕۆژێک دواى ڕاگرتنى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانى بۆ تورکیا، وەزیری دەرەوەی توركیا وتى "پەكەكە لە سلێمانی پارتەكەی تاڵەبانیی بە تەواوەتی خستووەتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە و هەموو شتێكی كۆنترۆڵ كردووە، هەر بۆیە كایەی ئاسمانیمان بە ڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا داخست". چاوشئۆغڵو، یەكێتیشى تۆمەتبار کرد بەوەی كە "هێلیكۆپتەری لە فەڕەنسا وەرگرتووە و بۆ یەپەگەی تەرخان كردووە".
دواتریش وەزیری دەرەوەی توركیا لە 22-8-2023 بە سەردانێكی دوو ڕۆژە گەیشتە بەغداد و لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی و سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و كۆبووەوە، دواتریش هاتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، مەسعود بارزانی و قوباد تاڵەبانی كۆبووەوە.
پێچەوانەی چاوەڕوانییەكان كە پێشبینیی دەكرا دۆسیەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك سەرەكیترین ئامانجی سەردانەكە بێت، فیدان لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق هیچ باسی ئەو دۆسیەی نەكرد و ڕایگەیاند " گفتوگۆمان دەربارەی ژمارەیەك دۆسیە كرد، لە سەروو هەموویانەوە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".
وەزیری دەرەوەی توركیا زۆرترین قسەی لەسەر پەكەكە كرد و وتی "پەكەكە ناوچەكانی شنگال و مەخموور و سلێمانیی داگیر كردووە و دەیەوێت بە سووریاوە بیان بەستێتەوە".
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، لە پانێڵی "سیستمی سیاسی و دەوڵەتسازی لە عێراق" لە دیداری میری کە ڕۆژى ١١-١٠-٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، لەگەڵ ئەوەى جەختى کردەوە کە "دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا باش بێت"، بەڵام وتى "کێشەى ئێمە لەگەڵ تورکیا قورسە چارەسەر بکرێت".
بافڵ تاڵەبانى وتیشى "پەیوەندیمان لەگەڵ پەکەکە وەکوو ئەوەى باس دەکرێت، نییە، بەڵام چەند حیزبێک لە سلێمانى هەن کە تورکیا دەڵێت دەبێت دابخرێن، بەڵام ئەو حیزبانە لە بەغدا و هەندێکیان لە هەولێریش مۆڵەتیان هەیە، بۆ تورکیا لە بەغدا تانە لەو حیزبانە نادات و مۆڵەتەکەیان هەڵبوەشێننەوە و حکومەتى هەرێم دایان بخات، من بۆ دایان بخەم؟!".
ئێوارەی دووشەممە 18-9-2023، دەنگێكی گەورە لەناو فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت بیسترا و دووكەڵێكی زۆر ئاسمانی ناوچەكەی گرت، دواتر دژەتیرۆری یەكێتی ڕایگەیاند كە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرش كراوەتە سەر فڕۆكەخانەكە. ماوەیەك بوو فڕۆكەخانەكە لەلایەن هێزی دژەتیرۆری یەكێتییەوە بۆ مەشق و ڕاهێنان بەكار دەهێنرا.
دژەتیرۆری یەكێتی بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەن و وڵاتێك بهێنێت، ڕایگەیاند كە هێرشەكە لەلایەن "داگیركەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم، بە چاوساغیی نۆكەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی" ئەنجام دراوە، سێ هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستان شەهید و سێ پێشمەرگەی تریشمان بریندار بوون".
دواتر هەریەك لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانیی سەرۆكی یەكێتی، قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرەۆكی حكومەت، جەلال شێخ ناجیی بەرپرسی ئاژانسی دەزگای پاراستن و زانیاری/زانیاری، پەیامیان لەبارەی هێرشەكەوە بڵاو كردەوە، بە "هێرشێكی تیرۆریستی و پێشێلكردنی سەروەریی هەرێم و عێراق" ناویان برد، بەڵام هیچ كامیان ناوی لایەنی ئەنجامدەری هێرشەكەیان نەبرد.
دواجار یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند كە "فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لە سنووری توركیاوە ھاتووەتە ناو ئاسمانی عێراقەوە و بۆردوومانی فڕۆكەخانەی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی كردووە".