فشاری ڕۆژنامەنووسان کاریگەر بوو؛ وەزیری ڕۆشنبیری ڕێنمایی تایبەت بە كاری میدیای هەڵوەشاندەوە

15-02-2024 02:04

پەرەگراف

لەژێر فشاری ناڕەزایی ڕۆژنامەنووساندا، وەزیری ڕۆشنبیری ڕێنمایی تایبەت بە "ڕێكخستن"ـی كاری میدیایی لە هەرێمی كوردستان هەڵوەشاندەوە كە لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو دەری كردبوو. ڕێنماییەكە ناڕەزایەتیی فراوانی ڕۆژنامەنووسانی بەدوادا هات و وەزارەتی ڕۆشبینرییان ڕەخنەباران كرد، پێیان وابوو بە جێبەجێكردنی ئەو ڕێنماییانە “ئازادیی ڕۆژنامەوانیی بەند دەكرێت” و بە مەترسیدار بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن ناویان برد.

لە بەیانی ژمارە یەكی ساڵی 2024ـی وەزارەتی ڕۆشنبیری كە واژووی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی لەسەرە و لە ژمارەی 314ـی ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان لە ڕۆژی 28-1-2024 بڵاو كراوەتەوە، هاتووە "بڕیارمان دا بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2023 تایبەت بە كاری میدیایی لە هەرێمی كوردستان".

وەزارەتی ڕۆشنبیری دەشڵێت "كار بە ڕێنمایی پێشوومان ژمار 1ـی ساڵی 2014 دەكرێت (ڕێنمایی ڕێكخستنی فریكوێنسی سپەیس لە هەرێممی كوردستان)".

ڕێنمایی ژمارە 1ـی‌ ساڵی‌ 2023 تایبەت بە ‌كاری‌ میدیایی لە هەرێمی‌ كوردستان لە 22-5-2023‌ لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعی كوردستان بڵاوكرایەوە و لە 17 ماددە پێكهاتبوو. وەزارەتی ڕۆشنبیری بانگەشەی ئەوەی كردبوو كە بە ئامانجی "ڕێكخستنی" كەناڵە تەلەفزیۆنییە ناوخۆیی و ئاسمانییەكان و ڕادیۆ و میدیای ئەلیكترۆنی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەركراوە، بەڵام ڕۆژنامەنووسان و پسپۆڕانی یاسا بە "پێچەوانەی یاسای ڕۆژنامەگەری و كۆتوبەندكردنی میدیا" ناویان برد.

ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، دەڵێت "ڕێنماییەكە تێبینی و سەرنجی لە لایەن میدیاكاران و یاساناسان لەسەر تۆمار كرا، ئیتر لە ڕێكەوتی 1-2-2024ـەوە كار بەو ڕێنماییەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ناكرێت".

ڕێنماییەكە ٢٢ مەرجی دیاری كردبوو بۆ میدیای بینراو و بیستراو كە لە ڕووی كوالێتی و ناوەڕۆكەوە پێویستە پابەندبوونایە پێیانەوە، بەشێك لەو مەرجانە ناڕوون بوون و بەشێكیان لاستیكی بوون و تەفسیری جیاوازیان هەڵدەگرت، هەنێكیشیان پێچەوانەی مافی ڕۆژنامەنووسان و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بوون كە لە یاسای ڕۆژنامەگەریدا ڕێگەپێدراون.

"زیان نەگەیاندن بە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندی گشتی، دوورکەوتنەوە لەو کارانەی دەبنەهۆی قەیرانی ئابووری شڵەژاندنی بازاڕ، پەنانەبردنەبەر بێزارکردنی کەسەکان یاخود لایەنی مەعنەوییان، بڵاونەکردنەوەی هیچ شتێکی نامۆ و زیانبەخش بە کولتوور و کۆمەڵی کوردەواری و کۆمەڵگەی کوردستانی"، ئەمانە بەشێک بوون لە مەرج و پابەندیی میدیاکان کە ڕێنماییەکە دیاریى کردبوون.

لە خاڵێکی دیکەی ڕێنماییەکەدا هاتبوو "پابەندبوون بە پێوەرەکانی ناوەڕۆکی میدیایی کە لە لایەن فەرمانگەی میدیاو زانیاریی دەردەچێت"، بەپێی ئەم خاڵە بێت لە داهاتوودا حکومەت پێوەردادەنێت کە ناوەڕۆکی بابەتە میدیاییەکان دەبێت بەو شێوەیە بن کە بۆیان دیاری دەکرێت.

ڕێنماییە هەر زوو کاردانەوەى فراوانى ڕۆژنامەنووسان و یاساناسانى بەدوادا هات. د. سامان فەوزی، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ لە یاسای ڕاگەیاندن، وتى "ئەو ڕێنماییانە لە هەندێک بڕگەدا پێچەوانەی یاسای کاری ڕۆژنامەوانییە و هێندە خراپە بەکەڵکی هەموارکردنەوەش نایەت، پێویستە ڕەت بکرێتەوە، چونکە خاڵی مەترسیداری زۆری تێدایە بۆ ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن".

ڕێنماییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بەدەر لە تووندکردنەوەی پێدانی مۆڵەتی کەناڵەکان و زیادکردنی ڕسووماتی وەرگرتنی مۆڵەت، هاوکات چاودێریی دەخستە سەر ناوەڕۆکی بابەتە میدیاییەکان و بۆ کەناڵەکانی دیاریی کردبوو کە چی بڵاو بکەنەوە و نابێت چی بڵاو بکەنەوە.

لەبارەی پێدانی مۆڵەت بە میدیای بینراو و بیستراو و دەزگاکانی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، بەپێی ڕێنماییەکە وەزارەتی ڕۆشنبیری بەرپرس بوو لە پێدانی مۆڵەت، بەڵام بە ڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆ بۆ لایەنی ئەمنی لەسەر خاوەنی کەناڵەکە، ئەوەش لە ماوەی ٩٠ى ڕۆژ لە پێشکەشکردنی داواکاریی، بەڵام ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ ڕەزامەندیی نەدا، بەپێی ڕێنماییەکە ئەو کەسەی داوای مۆڵەتی کردووە، هیچ مافێکی نەدەبوو تانە لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بدات.

ڕسووماتی وەرگرتنی مۆڵەتیش بۆ کەناڵی ئاسمانی ٤٠ ملیۆن دینار و تەلەفزیۆنی ناوخۆیی ٢٠ ملیۆن و ڕادیۆ ١٠ ملیۆن دینار و کۆمپانیاکانی پەخش ٢٠ ملیۆن دینار بوو.