هەموان چاویان لەسەر دادگای فیدراڵییە؛ سەرۆكی هەرێم ترسی دواكەوتنی هەڵبژاردنی بۆ چوارەم ‏جار هەیە

13-02-2024 10:31

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەرۆك و جێگران و ئەندامانی دادگای ‏پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دواكەوتنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن، كۆبووەوە. ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتییش دەڵێت "نابێت هەڵبژاردن لە مانگی ‏شەشی ئەمساڵ زیاتر دوابكەوێت".‏

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی ‏كوردستان و سەرۆك و جێگران و ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم كە وەزیری دادی ‏حكوومەتی هەرێم ئامادەی بوو، پرسی دواكەوتنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق سەبارەت بە ‏یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ڕەهەندە دەستووری و یاساییەكان و ئەگەر و لێكەوتەكانی، ‏خرانە بەر باس و گفتوگۆ".‏

سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردووەتەوە كە "سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و لایەنە ‏پەیوەندیدارەكان هەموو ڕێكارێكی دەستووری و یاسایی دەگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی كوردستان".‏

نێچیرڤان بارزانی جەختیشی كردووەتەوە كە ڕا و سەرنجی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەبارەی ئەو ‏پرسەوە "بەهەند و جێی بایەخ" وەردەگیرێت و "كاری جددییان" لەسەر دەكرێت.‏

هاوكات ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە، عەلی حسێن، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، بۆ ژمارەیەك لە ‏میدیاكان وتی "ئێمە شاندێكی باڵای پارتی سەردانی یەكێتیمان كرد، یەكێتی ئامادەیی دەربڕی چیدی ‏كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دوا نەكەوێت".‏

عەلی حسێن وتیشی "لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە، چاوەڕوانی بڕیاری ڕۆژی 18ـی شوباتی دادگا ‏فیدراڵیین".‏

‏"وەكوو پارتی لەگەڵ ئەوەین لەو كاتەی دیاری دەكرێت، هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت. نابێت لە مانگی ‏شەشی ئەمساڵ زیاتر دوابكەوێت، چونكە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق تەمەنی یاسایی ‏تەواو دەبێت، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش كاتی ئەوەی نابێت بۆی نوێ بكاتەوە"، ئەندامەكەی ‏مەكتەبی سیاسیی پارتی وا دەڵێت.‏

عەلی حسێن داوایش دەكات كە "ئەگەر هاتوو هەڵبژاردن زیاتر دواخرا، لایەنە سیاسییەكان پێكەوە ‏بڕیارێكی یەكگرتوو بدەن".‏

دادگای فیدراڵی عێراق ڕۆژی 4-2-2024ـی دیاری كردبوو بۆ بڕیاردان لەبارەی سكاڵاكەی یەكێتی ‏لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام جارێكی دیگە دانیشتنەكەی دواخست بۆ 11-2-‏‏2024 و لەو ڕۆژەشدا بۆ دەیەم جار دوایخستەوە بۆ ١٨-٢-٢٠٢٤.

ڕۆژی ٢١-١-٢٠٢٤ دادگای فیدراڵی دانیشتنێكی دیكەی لەبارەی هەمان سكاڵا ئەنجام دا و سەرۆكی ‏دادگاكە ڕایگەیاند "هەموو شتێك لەبارەی سكاڵاكەوە وتراوە و دادگای فیدراڵی ڕۆژی 4ـی شوبات ‏بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەكەوە دەدات"، بەڵام جاریكی دیكە بڕیاردان هەفتەیەك دواخرا.‏

سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كراوە كە ‏تایبەتن بە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان، كورسی پێكهاتەكان، بازنەكانی هەڵبژاردن و تۆماری ‏دەنگدەران. لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی ‏كوردستان، لەسەر سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم تۆمار كراوە. هەروەها ‏ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆكی فراكسیۆنی ‏‏ڕافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، سكاڵایەكی ‏هاوشێوەی تۆمار كردووە. دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە.‏

دیارترین ماددەی سكاڵاكە كە كێشەی لەسەرە، پەیوەستە بە 11 كورسیی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمانی ‏كوردستان و یەكێتی و لایەنە دیارەكانی دیكەش جگە لە پارتی، داوای ‏دابەشكردنی ئەو كورسییانە ‏بەسەر پارێزگاكاندا دەكەن.‏

لە دانیشتنەكانی پێشوودا، دادگای فیدراڵی عێراق داوای بۆچوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ‏عێراقی ‏كردووە لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی كورسیی ‏پێكهاتەكان.‏

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پێشنیارەكەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، هەرێمی كوردستان ‏بكرێت بە ‏‏٣ بازنەی هەڵبژاردن و كورسییەكانی پەرلەمان و كورسییەكانی كۆتاكان دابەشی ‏ئەو سێ بازنەیە ‏بكرێت، بە جۆرێك ١٠٠ كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان؛ ٤١ی بۆ ‏سلێمانی و ٣٤ بۆ هەولێرو ‏‏٢٥ی بۆ دهۆك دیاری بكرێت.‏

‏١١ كورسییەكەی پێكهاتەكان دابەشی ئەو سێ بازنەیەی هەڵبژاردن بكرێن، بە جۆرێك؛ ٤ ‏كورسیی ‏پێكهاتەكان بۆ سلێمانی كە ٢یان بۆ كلدان، سریان و ئاشووری و ٢ كورسییەكەی ‏دیكە بۆ توركمان، ٤ ‏كورسیی دیكەش بۆ هەولێر كە بە هەمان شێوە ٢یان بۆ كلدان، سریان ‏و ئاشووری و ٢ كورسییەكەی ‏دیكە بۆ توركمان، دهۆكیش ٣ كورسیی پێكهاتەكانی بۆ ‏دیاریكراوە كە 1 كورسی بۆ كلدان، سریان و ‏ئاشووری، 1 كورسی بۆ توركمان و 1 كورسی بۆ ‏ئەرمەنەكان.‏

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە تا ئێستا سێ‌ جار دواخراوە، بڕیارە بەم نزیكانە چوارەم وادە بۆ ‏بەڕێوەچوونی دیاری بكرێت.‏

ڕۆژی 16-1-2024 شاندی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ سەرۆكایەتیی ‏هەرێم كۆبووەوە بۆ دیاریكردنی وادەیەكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.‏

پاش كۆبوونەوەكە، وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دوای پرسوڕا لە لایەنە ‏سیاسییەكانی هەرێم، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەمنزیكانە وادەیەكی نوێ‌ بۆ بەڕێوەچوونی ‏هەڵبژاردن.‏

سەرۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش ڕایگەیاند "خۆمان بۆ هەموو ئەگەرەكان بە یەك بازنەیی ‏و فرەبازنەیییەوە ئامادە كردووە و بە باشی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكە ئامادەین".‏

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشنیازێكی لەناوخۆیدا تاوتوێ‌ كردووە، كە ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە ‏بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە بخرێتە 30-5-2024، چاوەڕوان دەكرێت پێشنیازەكە ئاراستەی سەرۆكی ‏هەرێم كرابێت بۆ پەسەندكردن، ئەوە لەكاتێكدایە ١-٧-٢٠٢٤ تەمەنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ‏عێراق كۆتایی دێت و دەبێت ‏بەر لەو وادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدات.‏

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت و سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏دوو جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤) و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدرا.‏

لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.‏

حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەكێتی وەكوو دوو هێزی دەسەڵاتدار، لە ‏چوار ساڵی ‏ڕابردوودا دەیان كۆبوونەوەیان بە شێوەی دوو قۆڵی و بە بەشداریی حیزبەكانی ‏دیكە و تەنانەت ‏نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجام ‏دا، بەڵام نەیانتوانی ‏بەربەستی سەرەكیی بەردەمیان كە ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانە لە ‏پەرلەمانی كوردستان، چارەسەر ‏بكەن.‏

یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمان هەیە و ‏پێیان وایە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن ‏پارتییەوە لە ململانێ‌ ‏سیاسییەكاندا بەكار هێنراون" و یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێكە هەر ‏‏١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی ‏یەكلا دەبنەوە، هەر بۆیە داوای گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی ‏كاندیدەكانی پێكهاتەكان دەكەن.‏

پاش گەیشتنە بنبەستی گفتوگۆكان لەسەر كورسی پێكهاتەكان، یەكێتی ئەو پرسەی بردە ‏دادگای ‏فیدراڵی عێراق و تانەی لە یاسای هەڵبژاردنی هەرێم دا و پێی وایە چەند ماددەیەكی ‏‏"پێچەوانەی ‏دەستووری عێراقە"، یەكێك لەوانەش كورسیی پێكهاتەكانە.‏

ڕۆژی 5-11-2023 كە دانیشتنی چوارەمی دادگا لەبارەی سكاڵاكەی یەكێتییەوە بەڕێوە چوو، زیاد ‏‏جەبار لە لێدوانێكی تایبەتدا بە پەرەگرافی وت "چوار ساڵە لەگەڵ هێزە سیاسییەكان لە ‏مشتومڕی ‏هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنداین و ویستوومانە بە شێوەی سازان هەمواری ‏یاساكە بكەین، بەڵام ‏نەگەیشتینە ڕێككەوتن، هەر بۆیە پەنامان بردووەتە بەر دەستوور و ‏یاسا".‏

یەكێتی سكاڵای لەسەر ماددەكانی (1، 9، 15، 22 و 36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ‏كوردستان ‏ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی ‏هەمواركراو تۆمار كردووە، واتا تانەیان لە ماددە ‏هەمواركراوەكانی یاسای ‏هەڵبژاردن داوە و داوا دەكەن ‏دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوە‌و ‏یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ‏ئەسڵەكەی خۆی‎‏.‏

زیاد جەبار بۆ پەرەگراف وتی "لەسەر مەسەلەی پێكهاتەكان، یەكێتی جەخت لە دوو خاڵ ‏دەكاتەوە. ‏یەكەم: مەبدەئی یەكێتی وا بووە ئەو كورسییانە بۆ نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی ‏پێكهاتەكان بیت. ‏دووەم: لە هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتە هەیە، ‏نوێنەرایەتیی هەبێت و بەشدار بیێت".‏

مونا قەهوەچی، سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە پشكی پێكهاتەی ‏توركمان، بە ‏نوێنەرایەتیی توركمانەكان داوای لە یەكێتی كردووە سكاڵاكەی لە دادگای ‏فیدراڵی بكشێنێتەوە، بەڵام ‏یەكێتی بەوە ڕازی نەبووە.‏

زیاد جەبار ڕەتیشی كردەوە كە سكاڵاكەیان تەنیا لەسەر كورسیی پێكهاتەكان بێت و ‏ڕایگەیاند ‏‏"سكاڵایان لەسەر ماددەی یەك تۆمار كردووە كە تایبەتە بە ژمارەی كورسییەكانی ‏پەرلەمان". وەكوو ‏ئەو دەڵێت "لە عێراقدا هەر 100 هەزار كەسێك نوێنەرێكی لە ‏پەرلەمان هەیە، بەڵام لە كوردستان ‏ڕوون نییە، ئەمە پێویستی بە ڕێكخستنە".‏

هەروەها دوان لە ماددەكان پەیوەندییان بە "كۆمیسیۆن و مەسەلەی بایۆمەتری و تۆماری ‏‏دەنگدەران"ـەوە هەیە، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان ‏ئاماژە بەوە ‏دەكات كە "پاش ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن درایە دەست كۆمیسیۆنی عێراق، ‏ئەو بەشەی سكاڵاكە ‏كۆتایی پێ‌ هاتووە".‏

هەروەها یەكێتی تانەی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە یەك بازنە داوە و داوا دەكات هەرێمی ‏كوردستان ‏چوار بازنەی هەڵبژاردن بێت، كە بەر لە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بەو ‏شێوەیە بووە.‏

ڕۆژی 24-10-2023، زۆرینەی حیزب و لایەنەكانی توركمان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی ‏مەدەنیی ‏توركمان، بە ‏بەشداریی نوێنەری پێنج كونسوڵگەری و نوێنەری ‏نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر ‏‏كۆبوونەوە. وەك خۆیان دەڵێن "كۆبوونەوەكە بۆ ‏پارێزگاریكردن لە سیستەمی كۆتای ‏پێكهاتەی ‏نەتەوەیی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان" ‏بووە.‏

حیزب و لایەنە توركمانەكان دواتر بەیاننامەیەكی پێنج خاڵییان بڵاو كردەوە، تێیدا ‏‏دابەشكردنی ‏كورسیی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكاندا ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن "‏ڕێژەیەكی ‏زۆری هاووڵاتیانی ‏پێكهاتەی توركمان دانیشتووی پارێزگای هەولێرن، كارێكی ‏هەڵەیە ‏بەهۆكاری بوونی ڕێژەیەكی كەم لە ‏هاووڵاتیانی توركمان لە پارێزگاكانی تر، ‏كورسیی كۆتای ‏توركمان دابەش بكرێت و مافی ئەو ڕێژە ‏زۆرەی هاووڵاتیانیان لە پارێزگای ‏هەولێر پێشێڵ ‏بكرێت".‏

حیزب و لایەنەكانی پێكهاتەی توركمان، ھەر دەستكاریكردنێكی یاسای هەڵبژاردنی ‏‏پەرلەمانی ‏كوردستان و بەتایبەت ئەو مادانەی پەیوەستن بە كورسیی پێكهاتە ‏‏نەتەوەییەكان، بە "نادەستووری" ‏ناو دەبەن، هەروەها دەڵێن "نەمانی كورسیی كۆتای ‏‏نەتەوەیی پێكهاتەی توركمان لە پەرلەمانی ‏كوردستان، بە مانای سڕینەوەی ناسنامە و ‏‏مێژوو و شارستانیەت و بوونی سیاسیی ئەو نەتەوەیەیە".‏