مەسرور بارزانی و ئەردۆغان لە دوبەی کۆبوونەوە

13-02-2024 04:17
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ئەردۆغان لە دوبەی

پەرەگراف

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەراوێزی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی کۆبوونەوە.

مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان و بازرگانی تورکیا ئامادەی بوون، بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنەمان تاوتوێ کرد".

"جەختمان لە گرنگیی پتەوکردنی هاریکاریی و هەماهەنگیی لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە" مەسرور بارزانی وادەڵێت.

پرسە ئەمنیی و ئابورییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا بۆ هەردوولا گرنگن، بەتایبەت دۆسیەی هەناردەی نەوتی هەرێم و شەڕی پەکەکە.

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ تورکیا لە 25-3-2023 بەهۆی بڕیارەكەی دادگای ‏ناوبژیوانیی ‏نێودەوڵەتییەوە ڕاگیراوە، هەرچەندە توركیا ئامادەیی بۆ ‏دەستپێكردنەوەی لە ڕێگەی كۆمپانیای ‏سۆمۆوە دەربڕیوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی ‏هەرێم و بەغداوە تا ئێستا دەستی پێ‌ نەكردووەتەوە.‏

هاوکات کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و مەسرور بارزانی هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی سوپای تورکیا لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە بەتایبەت لە پارێزگای دهۆک.

هەربەپاساوی پەکەکەو پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ پەکەکە، تورکیا سزای بەسەر سلێمانیدا سەپاندووەو لە سەرەتای مانگی ٤ی ساڵی ڕابردووەوە ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخستووە کە فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ نیشتنەوە یان بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن، سەرەتا بڕیارەکەی تورکیا بۆ ماوەی سێ مانگ بوو، بەڵام دواتر دووجار و هەرجارەی شەش مانگ گەمارۆکەی درێژکردەوەو لە ٢٢-٦ی ئەمساڵ گەمارۆکە کۆتایی دێت ئەگەر جارێکی دیکە درێژنەکرێتەوە.