پەرەگراف
شەپۆلێكی بەهێزی بارانبارین ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات و ڕۆژی پێنجشەممە ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە
شەپۆلەكە لە ئەنجامی یەكگرتنی هەر دوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێم دەست پێ دەكات. كەشناسی دەڵێت "سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆك دەست پێ دەكات، پاشان بارانبارین لە ئێوارەدا ئاستی زیاد دەكات، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان و سنووری پارێزگای دهۆك، پاشان سنووری پارێزگای هەولێر".
هەروەها بەپێی پێشبینییەكان، ڕۆژی پێنجشەممە "لە كاتەكانی بەرەبەیان، لە ئەنجامی زیادبوون و بەهێزبوونی شەپۆلی بارانبارین، لە سەرجەم ناوچەكان ئاستی باران دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەند و لێزمەباران بە شەپۆلێكی هەورەتریشقەوە، خێرای با زیاد دەكات و هەندێ كات دەگاتە سەرووی 25 كم لە كاتژمێرێكدا".
كەشناسی هۆشداری دەدات كە "لەگەڵ بارانبارین، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە". پێشبینییش كراوە كە لە ماوەی كاریگەریی ئەم شەپۆلەدا "لە سەنتەری پارێزگاكان لە سەرووی 30 ملم و ناوچە شاخاوییەكان لە سەرووی 45 ملم باران ببارێت".
ئێوارەی ڕۆژی هەینی كاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەر سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك و ناوچە شاخاوییەكانی لاواز دەبێت، بەڵام لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی و كەركووك و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بارانبارین بەردەوام دەبێت. لە كاتەكانی شەوی پێنجشەممەیشدا شەپۆلەكە لاواز دەبێت.