هێزێکی ئەمنیی 'بە فەرمانی دادوەر' دەچنەسەر ماڵی کوێخا دێرین عوزێری فەرماندەی سەربازیی یەکێتی
پەرەگراف
هێزێکی ئەمنیی لە سلێمانی "بە فەرمانی دادوەر" دەچنەسەر ماڵی کوێخا دێرین عوزێری فەرماندەی سەربازیی یەکێتی بە مەبەستی دەستگیرکردنی، بەڵام لەماڵ نەبووە و داوا دەکەن خۆی ڕادەست بکات، "تۆمەتبارە بە تەقەکردن لە سەرمایەدارێک".
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "ئەمڕۆ هێزێکی هاوبەشی ئاسایشی سلێمانی و ئۆپەراسۆن و کۆماندۆ، چوونەسەر ماڵی کوێخا دێرین عوزێری فەرماندەی سەربازیی یەکێتی و فەرمانی دادوەریان پێیە بۆ دەستگیرکردنی، بەڵام لەماڵ نەبووە".
بە وتەی سەرچاوەکە، "بە فەرمانی دادوەر دەست بەسەر سەرجەم موڵک و ماڵی گواستراوەو نەگواستراوەیدا دەگیرێت کە خانووەکەی و قەڵای عوزێرییەکانیش دەگرێتەوە".
ئەو فەرماندە سەربازییەی یەکێتی، "بە تۆمەتی تەقەکردن لە برای سەرمایەدارێکی سلێمانی و بریندارکردنی بەهۆی پێنەدانی پارەوە" فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
"لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو کەسی نزیکی ئەو فەرماندەیەی یەکێتی، لە سلێمانی تەقەیان لە برای سەرمایەدارێک کرد و برینداریان کرد، کێشەکە لەسەر ئەوەبوو کە سەرمایەدارەکە ئامادەنەبووە پارەیان پێ بدات، کەسوکاری سەرمایەدارەکە سکاڵایان تۆمارکردو داوایان لە دادگا و لە سەرۆکی یەکێتیش کرد یاسا سەروەربێت و مافیان بپارێزرێت" سەرچاوەکە وای وت.
یەکێتی حیزبی حوکمڕانە لە سلێمانی و لە ماوەی ڕابردوودا چەندینجار ڕوبەڕوی ڕەخنە بووەتەوە لەسەر پارەسەندن لە سەرمایەداران، لە بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ئەو حیزبە چەندجارێک ڕایگەیاندووە، ڕوبەڕوی هەموو ئەوانە دەبێتەوە کە "پارەو سەرانە لە سەرمایەداران دەسەنن" و بە "مافیا" ناوی بردوون، بافڵ تاڵەبانی ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو کەسانەی بە ئیشی خۆی ناوبردووەو جەختی لە سەروەریی یاسا کردووەتەوە.
هێشتا دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی دۆسیەکەی کوێخا دێرین عوزێری بڵاونەکردووەتەوەو، پەرەگراف بۆ وەرگرتنی لێدوانی فەرمی پەیوەندیی بە سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی کرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.