پەرەگراف
لاهور شێخ جەنگی دوور لە چاوی میدیاکان لەگەڵ کونسوڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانیی لە هەولێر کۆدەبێتەوەو بەرنامەی سیاسی داهاتووی دەخاتەڕوو کە بەشداریکردنە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "ڕۆژی دوو شەممە ٥ی ئەم مانگە، لە ئوتێل ڕۆتانای هەولێر لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ کونسوڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانیی لە هەولێر کۆبووەوە".
بە وتەی سەرچاوەکە، "لە کۆبوونەوەکەدا لاهور شێخ جەنگی باسی دۆخی ئابوری و ناسەقامگیریی هەرێمی کردو بیروڕاو بەرنامەی سیاسی خۆی خستەڕوو کە بەشداریکردنە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بە گرنگییەوە باسی لە ڕۆڵی وڵاتان کردووە بۆ چاودێریی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و ئازادانە".
هاوکات سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار کۆبوونەوەکەی بۆ پەرەگراف پشتڕاست کردەوەو وتی "باسی گرنگی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو بە نیشتیمانی کردنی کراوە لەگەڵ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر کێشە هەڵواسراوەکان".
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە "کونسوڵی ئێران و تورکیاش بانگهێشتکرابوون، بەڵام ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون، پێدەچێت ئێران بەهۆی یەکێتی و تورکیاش حەزەریان کردبێت".
"ئامادەبوان چەندین پرسیاریان لەبارەی دۆخی کوردستان و ئامانج لە دروستکردنی لیست و بەشداریی لە هەڵبژاردن لە لاهور شێخ جەنگی کردووە، هەندێکیشیان داوای دیداری دوو قۆڵییان کردووە" سەرچاوەکە وای وت.
هەریەکە لە پۆڵاد شێخ جەنگی برای و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پێشووی یەکێتی کە لە دوای ڕووداوەکانی ٨ی تەموزی ٢٠٢١ی ناو یەکێتی، لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی مانەوە، یاوەرییان کردووە لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کونسوڵخانەکان.
پێنج ڕۆژ بەرلەوکۆبوونەوەیە، لە نوێترین دەرکەوتنیدا لاهور شێخ جەنگی جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و وتی "بەشداریی دەکەم بە لیستە یان حیزب جارێ نازانم و چاوەڕێی ڕێکارەکانی کۆمسیۆنم".
ئەم بابەتە بە ڤیدیۆ
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە تا ئێستا سێ جار دواخراوە، بڕیارە بەم نزیكانە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە چوارەم وادە بۆ بەڕێوەچوونی دیاری بكرێت کە چاوەڕێ دەکرێت بکەوێتە کۆتایی مانگی پێنجی ئەمساڵ.
سەرباری ڕەخنەو فشارە ناوخۆییەکان، دواخستنی هەڵبژاردن هەرێمی کوردستانی ڕوبەڕوی ڕەخنەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووەتەوەو ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خرایەبەرباس.
جینین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا وتی، بەداخەوە جارێکی دیکە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دواخرا، ئەوەش لە خزمەتی سەقامگیریدا نییە.
هاوکات هەریەکە لە نوێنەرانی بەریتانیا، فەڕەنسا و سویسرا لە ئەنجومەنی ئاسایش، داوایان کرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە زوویی و ئازادانە ئەنجام بدرێت و حکومەتی هەرێمیان هاندا هاوکاربێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە.
حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەكێتی وەكوو دوو هێزی دەسەڵاتدار، لە چوار ساڵی ڕابردوودا دەیان كۆبوونەوەیان بە شێوەی دوو قۆڵی و بە بەشداریی حیزبەكانی دیكە و تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجام دا، بەڵام نەیانتوانی بەربەستی سەرەكیی بەردەمیان كە ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانە لە پەرلەمانی كوردستان، چارەسەر بكەن، پاشان یەکێتی ئەو بابەتەی بردە دادگای فیدراڵی عێراق و سکاڵای تۆمار کرد، دادگاکە ئەمڕۆ دەهەمین دانشتنی لەسەر ئەو سکاڵایە دواخست و بڕیار تێدا نەداو، ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگەی دیاریکرد بۆ یانزەهەمین دانیشتن.
لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.