یەكێتی و گۆڕان لەسەر سێ‌ تەوەر كۆبوونەوە و دەڵێن: هاوڕاین

11-02-2024 02:55

پەرەگراف

یەكێتی و گۆڕان لەسەر بابەتەكانی "پێكەوەكاردن بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی، بوجە و مووچە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن" كۆبوونەوە و دەڵێن لەسەر ئەو پرسانە "هەردوولا هاوڕاین". ڕایشیدەگەیەنن كە لە كۆبوونەوەكەدا "بڕیار درا هەماهەنگیی زیاتر بكرێت بۆ ئیدارەدانی باشتر، بە شێوازێك كە خزمەتی باشتری هاووڵاتیان بكرێت".

شاندێكی یەكێتی بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتى، لە سلێمانى سەردانی گۆڕانی كرد و لەگەڵ شاندی بزووتنەوەكە بە سەرۆكایەتیی مستەفا سەیدقادر كۆبوونەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی هەردوولا، كۆبوونەوەكە "لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ یەكخستن و لێكنزیككردنەوەی بۆچوون و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان سەبارەت بە چۆنێتیی چارەسەركردنی كێشە سیاسی و ئابوورییەكانی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەكانی بەردەم هەرێمی كوردستان" بووە.

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا "هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پێكەوەكاركردنی یەكێتی و گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان، بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی سەبارەت بە پرسە چارەنووسسازەكان".

هەروەها لە تەوەرێكی دیكەدا قسە لەسەر پرسی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كراوە، یەكێتی و گۆڕان دەڵێن "هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی كە نابێت كاتی زیاتر بەفیڕۆ بدرێت و پێویستە هەڵبژاردن بكرێت".

سەبارەت بە كێشەی بودجە و مووچەیش، یەكێتی گۆڕان جەخت دەكەنەوە كە "هاوڕابووین و پێویستە هەموو لایەنەكان هاوكار بن بۆ ئەوەی شایستەی دارایی هەرێم تێكەڵ بە پرسە سیاسییەكان نەكرێت، لەگەڵ بەغداد بگەینە ڕێككەوتنێكی ڕیشەیی و مافی مووچەخۆرانی هەرێم پارێزراو بێت".

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەی گۆڕان و یەكێتیدا هاتووە "هەروەها بڕیار درا هەماهەنگیی زیاتر بكرێت بۆ ئیدارەدانی باشتر، بە شێوازێك كە خزمەتی باشتری هاووڵاتیان بكرێت".