سۆران عومەر: لەسەر بەشدارنەكردن لە كۆبوونەوەكەی ئەمشەو، فراكسیۆنە شیعەكان هەڵوێست دژی كورد و سوننە وەردەگرن
پەرەگراف
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت "بەشدارینەكردنی زۆرینەی فراكسیۆنە كوردییەكان لە كۆبوونەوەكەی ئەمشەوی پەرلەمان لەسەر دەستدرێژییەكان بۆ سەر عێراق، هەڵوێستی پێچەوانەی فراكسیۆنە شیعەكان بەدوای خۆیدا دەهێنێت و هەڕەشەی ئەوەیان كرد لە هەمواری یاسای بودجەدا هەڵوێست دژی كورد وەردەگرن".
ئەو پەرلەمانتارە بۆ پەرەگراف وتیشی "پەرلەمانتارانی شیعە بە ئاشكرا وتیان كە مادام سوننە ئەمە هەڵوێستیەتى و نایەت بۆ كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاری لەسەر ئەو دەستدرێژییانەی دەكرێتە سەر عێراق، ئێمە بۆ كورسیی سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵیان نیین و سەرۆكی ئێستای پەرلەمان با بمێنێتەوە".
ئەمشەو پەرلەمانی عێراق بە هەوڵی فراكسیۆنە شیعەكان، كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاریی دەربارەی بۆردوومانەكانی ئەمریكا بۆ سەر عێراق و هەرچی زووە كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئەنجام دا، جگە لە دوو پەرلەمانتاری یەكگرتوو و كۆمەڵ (موسەننا ئەمین و سۆران عومەر)، كورد و سوننە بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد، ئەو دوو پێكهاتە بە ئاشكرا دژی هەوڵی دەركردنی هاوپەیمانان لە عێراق.
سۆران عومەر بۆ پەرەگراف دەڵێت "كۆبوونەوەكە تەنیا بۆ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بوو و هەر فراكسیۆنێك هەڵوێستی خۆی ڕوون كردەوە، بە بۆچوونی من، بەشدارینەكردنی زۆرینەی كورد لە ڕۆژانی ئایندەدا هەڵوێستی پێچەوانەی فراكسیۆنە شیعەكانی بەرانبەر بە داخوازیی هەرێمی كوردستان بەدوادا دێت، بە تایبەت كە هەمواری یاسای بودجەمان لەپێشە و ئێمە پێویستمان بە دەنگی لایەنە شیعەكانە، لەو بابەتەدا هەڵوێست وەردەگرن و ئەمە زیان بە خەڵكی كوردستان دەگەیەنێت".
سۆران عومەر لە كۆبوونەوەكەدا هەڵوێستی فراكسیۆنی كۆمەڵی ڕاگەیاند و وتی "بە هەموو شێوەیەك ئیدانەی پەلامارەكانی ئەمریكا و وڵاتانی دراوسێ دەكەین كە دەیكەنە سەر خەڵك و خاكی عێراق، هەموو ئەمانە پێشێلی سەروەریی عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەكانە".
لایەنە شیعە هاوسۆزەکانى ئێران، چەند ساڵێکە بە ڕێگەى جیاواز هەوڵى دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا و وڵاتانى دیکەى هاوپەیمان لە عێراق دەدەن، ساڵی 2020یش پرۆژەبڕیارێکیان بۆ ئەو مەبەستە لە پەرلەمان پەسەند کرد، ئەوکاتیش کورد و سوننە بەشێك نەبوون لە بڕیاری پەرلەمان بۆ دەركردنی ئەو هێزانە و بە ئاشکرا مانەوەیان لە عێراق بە پێویست دەزانن.