پەرەگراف
ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایگەیاند "سبەینێ یەكشەممە لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی هاوشانی شار و شارۆچكەكانی تر، خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین و بەردەوام دەبین تا ڕیسواكردنی سیاسەتی ستەمكاریی كۆیلایەتی و كۆتاییپێهێنانی". داوای كۆتاییهێنان بە سزادانی مامۆستایانیش دەكات. پارێزگاری سلێمانیش سەبارەت بە سزادانی مامۆستایان دەڵێت "تەنیا یاسا جێبەجێ دەكەین".
ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "كۆتا ئاگاداركردنەوە بە بەرپرسە ئەمنی و پەروەردەیی و كارگێڕییەكان دەدەین و داوایان لێ دەكەین واز لە فشار و هەڕەشەكانیان بهێنن و سزاكانیان هەڵبوەشێننەوە، ئەگەرنا ڕووبەڕووی فشاری مەدەنیی زیاتریان دەكەینەوە و تەنانەت پەنا بۆ دادگا تایبەتمەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان دەبەین".
ئەنجوومەنەكە فشارەكانی سەر مامۆستایان بۆ شكاندنی بایكۆت و دەستكردنەوە بە دەوامكردن، بە "كۆیلایەتیی سەردەم" ناو دەبات و دەڵێت "دەسەڵات بە فشار و هەڕەشە و سزا بەیاساییكراوەكان، ڕووبەڕووی خەباتی مەدەنیی ناتوندووتیژی مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژەكان بووەتەوە، تاوەكوو لە ڕێگەی بەكۆیلەكردنیانەوە كۆتایی بە بایكۆت و ناڕەزایەتییەكان بهێنێت".
هەروەها هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جارێكی دیكە ڕایگەیاند "ئەركی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵییە كە بابەتی مووچە لە ململانێی سیاسی بهێننە دەرەوە و مامۆستایان و مووچەخۆرانی دیكەی هەرێمیش وەكوو خەڵكی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بە مافی خۆیان بگەن".
پارێزگاری سلێمانی دەشڵێت "خوێندن ئامانجە و هەموو ئەو شتانەی تر ئامرازێكن لەپێناوی بەدیهێنانی ئەم ئامانجەدا، نابێت ئەم ئامانجە شكست بهێنێت، چونكە كەوتنی ساڵێكی خوێندن كارەساتی زۆر گەورە دەهێنێتە كایەوە".
سەبارەت بە سزادانی مامۆستایان، هەڤاڵ ئەبووبەكر وتی "ئەمانە كۆمەڵێك ڕێكاری یاسایی و كارگێڕین، هەر كەسێك كە دادەمەزرێت كۆمەڵێك پابەندیی هەیە كە یاسا دیاریی كردووە، پەیوەندیی بە وەزارەت یان بەڕێوەبەرایەتییەكی دیاریكراوەوە نییە. ئەوەش دەكەوێتە سەر لایەنە یاساییەكە و ئێمە تێكەڵی نابین، تەنیا یاسا جێبەجێ دەكەین".