دەبێت حاجییان لە یەك هەفتەدا پارەی حەج بدەن و 100 دۆلاریان بە 132 هەزار دینار بۆ دەشكێنرێتەوە

10-02-2024 03:18

پەرەگراف

وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ڕایگەیاند، تێچووی حەجی ئەمساڵ بە دینار لە حاجییانی هەرێم وەردەگیرێت و هەر 100 دۆلارێكیان بە 132 هەزار دینار بۆ دەشكێنرێتەوە. ئاگاداری ئەو كەسانەش دەكاتەوە كە ناویان بۆ حەج هاتووەتەوە، لە ماوەی یە هەفتەدا پارەی حەج بدەن، بە پێچەوانەوە مافی حەجكردنیان دەفەوتێت.

لە كۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوی نووسینگەكانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆییەكان، شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە كە "بە هەوڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنی پەیوەندیدار، توانرا پارەی حاجییانی ئەمساڵ (2024) بە دیناری عێراقی وەربگرێت، لەسەر بنەمای بۆ هەر 100 دۆلارێك 132000 دیناری عێراقی".

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە، نووسینگەكانی حەج و عومرەی ڕاسپاردووە كە "لە سبەی ڕێكەوتی 11/2/2024ـەوە دەست بە وەرگرتنی پارەی حاجییان بكەن، كە ماوەی هەفتەیەك بەردەوام دەبێت و لە 18/2/2024 كۆتایی دێت".

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دەڵێت "هەر كەسێك لەو ماوەیەدا پارەی حەج نەدات، مافی حەجكردنی نامێنتێت".

ئەو كەسانەی كە بۆ ئەمساڵ ناویان بۆ سەفەری حەج هاتووەتەوە، لە ڕێگەی نووسینگەكانی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستانەوە لە پارێزگاكانی (هەولێر - سلێمانی - دهۆك و هەڵەبەجە) هەروەها ئیدارە سەربەخۆكانی (سۆران - ڕاپەڕین – گەرمیان و زاخۆ)وە تێچووی حەج ڕادەست بكەن.

هەروەها ئاگاداری هەموو ئەو كەسانە دەكرێتەوە كە ناویان بۆ حەج دەرچووە و پاسپۆرتیان نییە، یاخود ماوەی پاسپۆرتەكانیان بەسەرچووە، بە زووترین كات لە ماوەی یەك هەفتەدا دەست بە دەرهێنانی پاسپۆرت بكەن، بە پێچەوانەوە مافی حەجكردنیان نامێنێت.

وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت "تێچووی حەجی حاجییانی هەرێمی كوردستان هەمان تێچووی حاجییانی عێراقە كە بۆ گەشتیی ئاسمانی بە فڕۆكە بریتییە لە (6.350.000) شەش ملیۆن و سێسەد و پەنجا هەزار دیناری عێراقی، بۆ گەشتی وشكانی بە پاس (5.300.000) پێنج ملیۆن و سێسەد هەزار دیناری عێراقییە".