كاردانەوەی كوشتنی فەرماندەكەی حیزبوڵڵا لە عێراق؛ حكومەت و شیعەكان جەخت لە كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانان دەكەنەوە
پەرەگراف
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەڵێت "هێرشەكانی ئەمریكا حكومەت هان دەدات لە هەموو كاتێك زیاتر هەوڵی كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانان بدات". چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكانیش هۆشداری دەدات كە "بەردەوامبوونی ئەم كارانە دەرگا بە ڕووی هێرشی بەرپەرچدانەوەدا دەكاتەوە" و دەشڵێت "هەر بەوەش كۆتایی نایەت".
شەوی ڕابردوو هێزەكانی ئەمریكا لە هێرشێكی درۆنیدا لە ناوجەرگەی بەغداد، ئۆتۆمبێلی ئەبو باقر ساعدی، سەركردەی دیاری كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراقیان كردە ئامانج و لە هێرشەكەدا ساعدی و سەرنشینەكانی دیكەی ناو ئۆتۆمبێلەكە كوژران. فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا ڕاگەیاند "فەرماندەیەكی كەتیبەكانی حیزبوڵڵا كراوەتە ئامانج كە بەرپرسیارە لە ڕاستەوخۆ پلاندانان و بەشداریكردن لە هێرشەكانی سەر هێزەی ئەمریكا".
لیوا یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێـ "سوپای ئەمریكا بەشێوەیەكی نابەرپرسیارانە ئەو كردەوانە دووبارە دەكاتەوە كە دەبنە مایەی لەبابردنی لێكگەیشتنەكان و دەستكردن بە گفتوگۆ دووقۆڵییەكان".
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەشڵێت "هێرشەكە لە ناوەڕاستی گەڕەكێكی نیشتەجێبوون لە بەغداد" ئەنجام دراوە و ئەمریكا تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "هیچ بایەخێك بۆ ژیانی هاووڵاتیان و یاسا نێودەوڵەتیەكان دانەناوە".
لیوا یەحیا ڕەسووڵ، هێرشەكانی ئەمریكا بە "هەڕەشە لە ئاشتیی كۆمەڵایەتی و پێشێلكردنی سەروەریی عێراق" ناو دەبات و دەڵێت "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە تەواوی هۆكار و ئامانجەكانی بوونی لەسەر خاكەكەمان تێپەڕاندووە".
"ئەم كردەوانە حكومەت هان دەدات لە هەموو كات زیاتر هەوڵی كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەڵەتی لە عێراق بدات، كە بووەتە مایەی ناسەقامگیری لە عێراق و هەڕەشەی پەلكێشكردنی عێراق بۆ ناو بازنەی ململانێكان دەكات"، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق.
هێرشەكەی ئەمریكا كاردانەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنە شیعەكانیشی بەداواد هات و "ئیدانە"ـی دكەن و بە "بەزاندنی هێڵە سوورەكان" ناوی دەبەن.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "بەئامانجكردنی ئەبو بەقر ساعدی لە ناوچەیەكی چڕی دانیشتوودا، پێچەوانەیە لەگەڵ ئەركەكانی هێزەكانی هاوپەیمانان كە سنووردارە بە بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان لەو ناوچانەی كە ئامادەن".
چوارچێوەی هەماهەنگی دەشڵێت "هۆشداری دەدەین كە بەردەوامبوونی ئەم كارانە، دەرگا بە ڕووی هێرشی بەرپەرچدانەوەدا دەكاتەوە و هەر بەوەش كۆتایی نایەت". جەختیش دەكاتەوە لەسەر "پێویستیی بەردەوامبوونی هەوڵەكانی حكومەت بۆ تەواوكردنی ئەركەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی".
لەبارەی هێرشەكەوە، شەوی ڕابردوو فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا ڕایگەیاند "كاتژمێر 9:30 خولەكی ئەمشەو، هێزەكانمان هێرشێكی تاكلایەنەی ئاسمانییان لە عێراق ئەنجام دا، وەكوو وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر هێزەكانی ئەمریكا".
فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا ڕایگەیاند، جگە لە كردنە ئامانجی ئەو فەرماندەیەی حیزبوڵڵا، "هیچ ئاماژەیەك نییە كە قوربانیی مەدەنی یان زیانی لاوەكی لە هێرشەكە كەوتبێتەوە".
هەروەها فەرماندەییەكە جەخت دەكاتەوە كە "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێكاری پێویست بۆ پاراستنی گەلەكەی و بێ دوودڵی هەموو ئەو كەسانەی هەڕەشە لە هێزەكانمان دەكەن و سەلامەتییان دەخەنە مەترسییەوە، ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەكەینەوە".