پەرەگراف
ئەمریكا بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشە درۆنییەكەی بەغداد ڕاگەیاند كە تێیدا سەركردەیەكی كەتیبەكانی حیزبوڵڵا كوژرا و دەڵێت "ئەو فەرماندەی حیزبوڵڵا بەرپرسیارە لە ڕاستەوخۆ پلاندانان و بەشداریكردن لە هێرشەكانی سەر هێزەی ئەمریكا".
فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "كاتژمێر 9:30 خولەكی ئەمشەو، هێزەكانمان هێرشێكی تاكلایەنەی ئاسمانییان لە عێراق ئەنجام دا، وەكوو وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر هێزەكانی ئەمریكا".
لەو هێرشەدا كە ئۆتۆمبێلێكی لە ناوجەرگەی بەغدادی پایتەخت كردە ئامانج، ئەبو باقر ساعدی، سەركردەی دیاری كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراق كوژرا.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، جگە لە كردنە ئامانجی ئەو فەرماندەیەی حیزبوڵڵا، "هیچ ئاماژەیەك نییە كە قوربانیی مەدەنی یان زیانی لاوەكی لە هێرشەكە كەوتبێتەوە".
هەروەها فەرماندەییەكە جەخت دەكاتەوە كە "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێكاری پێویست بۆ پاراستنی گەلەكەی و بێ دوودڵی هەموو ئەو كەسانەی هەڕەشە لە هێزەكانمان دەكەن و سەلامەتییان دەخەنە مەترسییەوە، ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەکەینەوە".