دادگای پێداچوونەوەی هەرێم داواكاریی هەڵوەشاندنەوەی سزاكەی شێروان شێروانیی ڕەت كردەوە
پەرەگراف
دادگای پێداچوونەوەی هەرێم داواكاریی هەڵوەشاندنەوەی سزاكەی شێروان شێروانیی ڕەت كردەوە و ئەو سزای دوو ساڵ زیندینیكردنەی كە بە تۆمەتی "ساختەكاری" بەسەریدا سەپێندرا، وەكوو خۆی جێبەجێ دەكرێت. پارێزەرەكەی دەڵێت "شێروان شێروانی ئازادكردنی مەرجدار دەیگرێتەوە و زیندانیكردنەكەی دەبێت بە ساڵێك و شەش مانگ".
بەپێى نووسرواێکى دادگاى پێداچوونەوەى هەرێم کە وێنەیەکى دەست پەرەگراف کەوتووە، دەستەی سزایی یەكەم لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، "داواكاریی ڕاستكردنەوەی بڕیاری دادگا" كە لەلایەن پارێزەرانی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانییەوە پێشكەش كرابوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئەو ڕۆژنامەنووسەی ڕەت كردەوە و جەختی لەسەر بڕیاری پێشووی خۆی كردەوە كە كەمكردنەوەی سزاكە بوو لە چوار ساڵەوە بۆ دوو ساڵ.
ڕێباز وسوو، یەكێكك لە پارێزەری ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی كە داواكارییەكەی پێشكەش بە دادگای پێداچوونەوە كردووە، بە پەرەگرافی وت "هیچ ڕێگایەكی یاسایی دیكە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاكەی شێروان شێروانی نەماوە و ئەمە دوا ڕێگا و هەوڵی یاسایی بوو".
بەڵام ئەو پارێزەرەوە ئاماژەی بەوە كرد كە "شێروان شێروانی ئازادكردنی مەرجدار دەیگرێتەوە كە بۆ هەر ساڵێك سێ مانگە، بەوپێیەش شەش مانگ بەر لە تەواوكردنی سزاكەی ئازاد دەكرێت و لەو ڕووەوە هەر ڕێكارێك بكەوێتە ئەستۆی ئێمە بۆی جێبەجێ دەكەین".
وەكوو پارێزەر ڕێباز وسوو بۆ پەرەگراف ڕوونی كردەوە، ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی سزاكەی لە مانگی 10ـی 2025 تەواو دەبێت، بەڵام بە ئازادكردنی مەرجدار دەبێت لە مانگی 4ـی 2025 ئازاد بكرێت.