پەرەگراف
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەوە و داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و چەند بابەتێکی دیکەیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، وەزیرانی پێشمەرگە و پلاندانان و جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و باڵيۆزى توركيا له عێراق ئامادهى بوون، پهيوهندييهكانى توركيا لهگهڵ ههرێمى كوردستان و پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە بە شێوازێک کە خزمەتی زیاتر بە هەردوولا بکات خرانە بەرباس.
"دۆسیەی ئهمنی و دۆخی سەقامگیری عێراق و ههرێمى كوردستان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو، لەوبارەیەوە بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیری و رێزگرتن لە سەروەریی خاکی هەردوو وڵات" نووسینگەی قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.
دەشڵێت "هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی پرسی داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کراو لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران داوای چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی کرد".
تورکیا لە سەرەتای مانگی ٤ی ساڵی ڕابردووەوە ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخست کە فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ نیشتنەوە یان بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن، سەرەتا بڕیارەکەی تورکیا بۆ ماوەی سێ مانگ بوو، بەڵام دواتر دووجار و هەرجارەی شەش مانگ گەمارۆکەی درێژکردەوەو لە ٢٢-٦ی ئەمساڵ گەمارۆکە کۆتایی دێت ئەگەر جارێکی دیکە درێژنەکرێتەوە.
تورکیا هۆکاری ئەو سزادانەی سلێمانی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پەکەکەو چالاکییەکانی پەکەکە لەو پارێزگایە دەگەڕێنێتەوە، یەکێتی و بەرپرسانی سلێمانی بەردەوام ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە.
هاوکات 6ی ئەم مانگە، وەزیری دەرەوەی تورکیا جارێکی دیکە داوای لە یەکێتی کرد سنورێک بۆ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە دابنێن و لە بەرامبەردا ئەوانیش ئامادەن سزاکان هەڵبگرن، بەپێچەوانەوە هەنگاوی زیاتر بۆ سزادانی سلێمانی دەنێن.
هاکان فیدان ئەوەی خستەڕوو، بۆ ئەو مەبەستە چەندجارێک لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی کۆبوونەوەیان کردووە، "بەڕاشکاوی گوتومانە دەمانەوێت سنوورێک بۆ پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پەکەکە دابنێن و هەماهەنگییان لەگەڵدا نەکەن".
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی "بەرپرسانی یەکێتی ماوەیەک بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی تورکیا هەندێک هەنگاویان نا، بەڵام دواتر بینیمان کە یەکێتی نیازی نییە دەستبەرداری پەیوەندییەکانی ببێت، هەربۆیە قۆناخ بە قۆناخ دەستمانکرد بە سزادان و ئێستاش لە رێگەی سنووردارکردنی چالاکییە ئاسمانییەکان سزایان دەدەین و بەوهۆیەوە فڕۆکەخانەی سلێمانی 60٪ـی توانا و جموجۆڵە ئاسمانییەکانی پەکیکەوتووە و سنووردار بووە و هەموو چالاکییەکان ئاراستەی هەولێر کراون".
هاکان فیدان وتیشی "لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، هەولێر بۆ ئێمە نزیکتر و لە پێشترەو چەند جارێک بە سلێمانیمان گوتووە، دەکرێت دەستبەرداری سزاکان ببین، ئەگەر ئەوانیش سنوورێک بۆ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تیرۆر دابنێن، بەڵام ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بن، تورکیاش ناچار دەبێت هەنگاوی زۆر زیاتر بنێت".