وەزیری بەرگری تورکیا: هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر هیچ پاساوێک هەڵناگرێت

07-02-2024 03:49

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، وەزیری بەرگری تورکیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، هاوخەمی بۆ گیانلەدەستدانی قوربانییانی مووشەکبارانەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەربڕی و وتی: هێرشەکە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.

یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا دوای ئەوەی دوێنێ لە بەغداد لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە، شەوی ڕابردوو گەیشتە هەولێرو ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی کۆبووەوە، سەردانەکەی هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی سەختی چەند مانگەی نێوان پەکەکەو سوپای تورکیا لە پارێزگای دهۆک، چاوەڕوان دەکرێت شەڕی پەکەکە تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی وەزیری بەرگری تورکیاو بەرپرسانی هەرێم بێت، بەڵام لە هیچ کام لە ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی کۆبوونەوەکاندا ئاماژەی پێ نەکراوە.

بەرپرسانی هەرێم و وەزیری بەرگری تورکیا لە کۆبوونەوەو گفتوگۆکانیاندا، بارودۆخی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیى دوولایەنەیان تاوتوێ کردووەو، جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش لەپێناو ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کردووەتەوە.

حکومەتی هەرێم دەڵێت، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ یەشار گولەر، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای دراوسێتیی باش و بەرژەوەندیى هاوبەش دووپات کردەوەو وتی "هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئاسایش و سەقامگیری دەبێت و ڕێگەش نادات ببێتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ دراوسێکانمان".

"گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو" حکومەتی هەرێم وادەڵێت.

هاوکات سەرۆکایەتی هەرێم، لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و یەشار گولەر، ڕایگەیاند "داكۆكی لەسەر برەودان بە پەیوەندیی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و جەخت لە هاریكاریی هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان كرایەوە".

"هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاریكاریی هاوبەشی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە و پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان، هەروەها هاوڕا بوون لەسەر پێویستی و هەوڵدانی هەمەلایەنە بۆ ڕێگریكردن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێكەوتەكانی"، سەرۆكایەتیی هەرێم وا دەڵێت.

"داكۆكیكردنەوە لەسەر برەودان بە پەیوەندیی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش" تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بووە و تاوتوێی "دوایین پێشهاتەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش لە ناوچەكە و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش" كراوە.