لە شارەزوور و گەرمیان خۆپیشاندانی مامۆستاو فەرمانبەران بەردەوامە

07-02-2024 01:36

پەرەگراف

ئەمڕۆیش مامۆستاو فەرمانبەران لە شارەزوور و گەرمیان خۆپیشاندانیان ئەنجامداو سوورن لەسەر بایکۆتی خوێندن هەتا جێبەجێکردنی داواکانیان کە پەیوەندیی بە مووچەوە هەیە.

"ئۆباڵی خوێندنی ساڵ، بە ئەستۆی حوكمی پاتاڵ" ئەمە یەکێک لە دروشمەکانی مامۆستایانی شارەزوور بوو لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆدا.

دریژەدان بە خوپیشاندان و بایکۆت لە کاتێکدایە فشارەکان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لەو قوتابخانانەی هێشتا دەستی پێ نەکردووەتەوە، دوێنێش نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی ڕایانگەیاند "زیاتر لە سێ‌ هەزار مامۆستا لە پەروەردەكانی ‏ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سلێمانی بە نەهاتوو (غیاب) سزا دراون، ژمارەكە بە پەروەردەكانی ‏دەوروبەرەوە زۆر لەوەیش زیاترە".‏

نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی كۆنگرەیەكی ‏ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا و تێیدا ئەوەیان خستەڕوو، "گواستنەوەی زۆرەملێی مامۆستایان لە ‏قوتابخانەیەكەوە بۆ قوتابخانەیەكی دیكە و سزادانی ئەو مامۆستایانەی لەسەر ‏هەڵوێستەكانیان بەردەوامن" دەستی پێ‌ كردووە.‏

وتیشیان، گوشار دەخرێتە سەر بەڕێوەبەر و ستافی ئیداریی ژمارەیەك قوتابخانە لەلایەن ‏‏"حیزب و پەروەردەكانیان"ـەوە و ناچار دەكرێن بە "چوونە ژێر باری فشارەكان یان ‏دەستلەكاركێشانەوە".‏

مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ داوای "ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوە"ـی سزاكانی سەر مامۆستایان، ‏جەختیش دەكەنەوە كە "پێداگری لەسەر داخوازییەكانمان دەكەین و لە بەرانبەر فشارەكاندا ‏بێدەنگی هەڵنابژێرین و درێژە بە خەباتی مەدەنی دەدەین".‏