پەرەگراف
وەزیری دەرەوەی عێراق "بەفەرمى" داوا لە هاوتا ئەمریكییەكەی دەکات چاو بەو سزایانەدا بخشێننەوە كە بەسەر بانكە عێراقییەكاندا سەپاندوویانە و دەشڵێت "پێویستە هێرشەكانی ئەمریكا لە عێراق ڕابگیرێن".
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەنجام داوە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت " گفتوگۆ كراوە سەبارەت بە دیارترین پێشهات و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان و ئەو هێرشانەی كە ئەمریكا بۆ سەر ژمارەیەك پێگەی سەربازی و مەدەنی لە ناوچەی عوكاشات و قائیم ئەنجامی دا".
فوئاد حسێن جەختی كردووەتەوە كە "حكومەتی عێراق ئەو جۆرە هێرشانە ڕەت دەكاتەوە و پێویستە ڕابگیرین و عێراق نەكرێت بە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی نێوان وڵاتە ناكۆكەكان". هەروەها وەزیری دەرەوەی عێراق داوای گەڕانەوە كردووە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستانەكان لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكانی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان هەردوولا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بەشێكی دیكەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی ئەو سزایانەی كردووە كە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەسەر حەوت بانكی عێراقی و پێشتریش بەسەر 14 بانكی عێراقیدا سەپاندی.
فوئاد حسێن "بەفەرمی" داوای لە ئەنتۆنی بلینكن كردووە كە "چاو بخشنێننەوە" بەو سزایانەدا كە بەسەر ئەو بانكە عێراقییانەدا سەپاندوویانە و وتوویەتی "ئەم بانكانە ڕۆڵێكی گەورە و گرنگیان هەیە لە دابینكردنی خەرجییەكانی كارتی بەشەخۆراك و دابینكردنی سەبەتەی خۆراك بۆ خێزانە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی عێراق".