نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی: زیاتر لە سێ هەزار مامۆستا بە نەهاتوو (غیاب) سزا دراون
پەرەگراف
نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن "زیاتر لە سێ هەزار مامۆستا لە پەروەردەكانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سلێمانی بە نەهاتوو (غیاب) سزا دراون، ژمارەكە بە پەروەردەكانی دەوروبەرەوە زۆر لەوەیش زیاترە".
ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەك لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا و تێیدا ڕایانگەیاند "گواستنەوەی زۆرەملێی مامۆستایان لە قوتابخانەیەكەوە بۆ قوتابخانەیەكی دیكە و سزادانی ئەو مامۆستایانەی لەسەر هەڵوێستەكانیان بەردەوامن" دەستی پێ كردووە.
وتیشیان، گوشار دەخرێتە سەر بەڕێوەبەر و ستافی ئیداریی ژمارەیەك قوتابخانە لەلایەن "حیزب و پەروەردەكانیان"ـەوە و ناچار دەكرێن بە "چوونە ژێر باری فشارەكان یان دەستلەكاركێشانەوە".
مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ داوای "ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوە"ـی سزاكانی سەر مامۆستایان، جەختیش دەكەنەوە كە "پێداگری لەسەر داخوازییەكانمان دەكەین و لە بەرانبەر فشارەكاندا بێدەنگی هەڵنابژێرین و درێژە بە خەباتی مەدەنی دەدەین".