لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوا دەکرێت هەڵبژاردنی کوردستان بە زوویی ئەنجام بدرێت
پەرەگراف
وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوا دەکەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە زوویی ئەنجام بدرێت و چیتر دوانەخرێت.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەسەر دۆخی عێراق گرێدا، جینین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا وتارێکی پێشکەش کردو بەشێکی تایبەت بوو بە کوردستان.
جینین پلاسخارت وتی، بەداخەوە جارێکی دیکە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دواخرا، ئەوەش لە خزمەتی سەقامگیریدا نییە.
پلاسخارت، داوایشی کرد بەغداد بودجە بۆ هەرێم بنێرێت بۆ پێدانی مووچە، هاوکات جەختی لە ڕگرتنی هێرشەکان کردەوە بۆسەر هەرێم و عێراق.
هاوکات هەریەکە لە نوێنەرانی بەریتانیا، فەڕەنسا و سویسرا لە ئەنجومەنی ئاسایش، داوایان کرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە زوویی و ئازادانە ئەنجام بدرێت و حکومەتی هەرێمیان هاندا هاوکاربێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت و سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای دوو جاری دیكەش دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤) و فشاری ناوخۆیی و دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن بە تایبەت لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدرا.
لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.
حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەكێتی وەكوو دوو هێزی دەسەڵاتدار، لە چوار ساڵی ڕابردوودا دەیان كۆبوونەوەیان بە شێوەی دوو قۆڵی و بە بەشداریی حیزبەكانی دیكە و تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجام دا، بەڵام نەیانتوانی بەربەستی سەرەكیی بەردەمیان كە ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانە لە پەرلەمانی كوردستان، چارەسەر بكەن.
یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە پەرلەمان هەیە و پێیان وایە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن پارتییەوە لە ململانێ سیاسییەكاندا بەكار هێنراون" و یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێكە هەر ١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی یەكلا دەبنەوە، هەر بۆیە داوای گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی كاندیدەكانی پێكهاتەكان دەكەن.