گەڕان بەدوای تەرمی کارگوزارەکەی ماڵی پێشڕەو دزەیی بەردەوامە

20-01-2024 01:18

پەرەگراف

تەرمی ئەو کارگوزارە فلیپینییەی لە مووشەکبارانەکەی ئێران لە ماڵی پێشڕەو دزەیی شەهید کرا، هێشتا نەدۆزراوەتەوەو گەڕان بەدوایدا بەردەوامە لەژێر داروپەروی خانوەکەدا.

ئەمڕۆ هەریەکە لە د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و ئومێد خۆشناو، پاریزگارى هەولێر و ئانۆ جەوهەر، وەزیرى گواستنەوە، سەردانى شوێنى ڕووداوەکەیان کرد بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بەردەوامى پڕۆسەى گەڕان و پشکنینی تیمەکانى بەرگرى شارستانى هەولێر بۆ دۆزینەوەی تەرمی کارگوزارەکە.

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، خاپووربوونى خانووەکەوە، ئەرکی کارمەندانی بەرگریی شارستانی زیاتر قورسکردووە و بەوهۆیەشەوە 6 کارمەندى بەرگرى شارستانى بە سووکى برینداربوون.

درەنگانی شەوی 15ی ئەم مانگە، ئاسمانی هەولێر بە 11 مووشەکی بالیستی ڕووناک بووەوەو دەنگی بەهێزی مووشەکەکان گەورەو بچووکی ڕاچڵەکان، مووشەکەکان لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئاڕاستەکران.

مووشەکەکانی ئێران پێنجیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری هەولێر کەوتن، دزەیی و کچێکی و کەرەم میخائیل گەورە بازرگانی عێراقیی کە کە میوانی پێشڕەو بووە، لەگەڵ کارگوزارێکی پێشڕەو کە فلیپینییە شەهید کران، خێزانی پێشڕەو دزەیی و دوو منداڵی دیکەشی برینداربوون.

سوپای پاسداران بە پاساوی لێدان لە "بنکەی ئیسرائیل" هەولێری بۆردومان کردو سوورە لەسەر ڕاستیی ئەو پڕوپاگەندەیەی کە هەمیشە بەکاری دەهێنێت بۆ هێرشەکانی و بەردەوام بە تووندی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕەتدەکرێتەوە.

چەند کاتژمێرێک دوای بۆردومانەکە، لیژنەی لێکۆڵینەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، گەیشتە شوێنی موشەکبارانەکە، ئەعرەجی ماڵی پێشڕەو دزەیی بەسەرکردەوە کە بەهۆی موشەکەکانی ئێرانەوە وێران بووەو ڕایگەیاند: ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە ماڵی بازرگانێکی مەدەنییەو دەنگۆی هەبوونی بارەگای ئیسرائیل دوورە لە ڕاستی.