ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە مووشەکبارانەکەی ئێران گەیشتە هەولێر

16-01-2024 01:23
ماڵی پێشڕەو دزەیی دوای مووشەکبارانەکەی ئێران.

پەرەگراف

لیژنەی لێکۆڵینەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، گەیشتە شوێنی موشەکبارانەکەی ئێران لە هەولێر.

ئەعرەجی بە یاوەری وەزیری ناوخۆی هەرێم ماڵی پێشڕەو دزەیی بەسەرکردەوە کە بەهۆی موشەکەکانی ئێرانەوە وێران بووەو تێیدا دزەیی و کچێکی و کەرەم میخائیل گەورە بازرگانی عێراقیی کە کە میوانی پێشڕەو بووە لەگەڵ کارگوزارێکی پێشڕەو کە فلیپینییە کوژران و ١٦ کەسی دیکەش بریندارن کە سەرجەمیان مەدەنین.

شەوی ڕابردوو سوپای پاسدارانی ئێران بە ١١ مووشەک هەولێری بۆردومان کرد کە ٥یان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی کەوتوون، هێرشەکەی ئێران بە پاساوی لێدانە لە "بنکەی ئیسرائیل"، بەڵام ئەو پاساوە بە تووندی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕەتدەکرێتەوە.

ئەمیر عەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، سەبارەت بە هێرشەکەی سەر هەولێر ڕایگەیاند "چوار مووشەک لە پارێزگای کرماشان و حەوت مووشەک لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتەوە ئاراستەی بارەگای زایۆنیستەکان کراون".

عەلی حاجیزادە کە خۆی سەرپەرشتیی هێرشەکانی کردووە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە میدیای فەرمیی ئێران بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا بە تەلەفۆن زانیاری دەربارەی هێرشەکان بە فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران دەدات.

هێرشەکە کاردانەوەی بەدوایخۆیدا هێنا، ئەمەریکاو بەریتانیا ئیدانەی دەکەن، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تاران بانگهێشتکردەوەو ڕایگەیاند، لیژنەیەك پێكدەهێنرێت بە سەرۆكایەتی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەکەو حکومەت سەرجەم رێوشوێنە یاساییەكان دەگرێتەبەر بە پێشكەشەكردنی سكاڵاشەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.