مەسعود بارزانی: پەلاماردانی هەولێر نە مەردایەتییە و نە شەهامەت

16-01-2024 11:50

پەرەگراف

مەسعود بارزانی "زۆر بە توندی" ئیدانەی هێرشەكانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر دەكات و دەڵێت "ئەو ‏پەلاماردانە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت".‏

سەرۆكی پارتی دیموكرات جەخت دەكاتەوە كە پاساوەكانی ئێران بۆ بۆردومانكردنی هەولێر، "هیچ ئەسڵ و ‏ئەساسێكی نیە و دوورە لە ڕاستی" و دەڵێت "ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بۆ داپۆشینی كێشە و گرفتەكانیان ئەو ‏دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵكی كوردستان ئەنجام دەدەن‎.‎

دەقی پەیامەكەی مەسعود بارزانی:‏

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

هەموو لایەك ئاگاداران، هەر لە ساڵی 2020ـەوە هەتا ئێستا بە دەیانجار شاری هەولێر كەوتۆتە ژێر هێرشی ‏ناڕەوای موشەك و درۆنەكانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەكانیان. ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ‏ناحەقییەكی ئاشكرایە بەرانبەر خەڵكی كوردستان‎.‎

ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەكانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاك دەزانن كە ‏بوختان و بیانوو و ئیدعاكانیان هیچ بنەمایەكی نیە و بۆ داپۆشینی كێشە و گرفتەكانیان ئەو دەستدرێژی و ‏زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵكی كوردستان ئەنجام دەدەن‎.‎

ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی ڕابردوو خێزانێكی بێتاوانی ‏هەولێریان كۆمەڵكوژ كردووە كە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەكەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە ‏مەردایەتییە و نە شەهامەت بەڵكو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران‎.‎

لێرەدا ڕووی قسەم بۆ گەلانی ئێرانە و هەمیشە ڕێز و حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران هەیە و دەستی دۆستایەتی ‏و برایەتیان بۆ درێژ كردووە. دەمەوێ دڵنیایان بكەمەوە ئەو بیانوانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەكانیان لەدژی ‏هەولێر و خەڵكی كوردستان دەهێننەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسێكی نیە و دوورە لە ڕاستی. داواتان لێ دەكەم ‏ئەگەر پەلاماردەران ڕێگەتان پێ بدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لە هەولێر ڕاستییەكان ببین و بزانن كە ‏تاوانباران و پەلاماردەران چۆن چەواشەكاری دەرهەق گەلی كوردستان دەكەن و ئیدعاكانیان بێ بنەمان‎.‎

ناكرێ هەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و، ناشكرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین‎.‎

پەیامیشم بۆ ئەنجامدەرانی پەلاماری موشەك و درۆنەكانی ئێرانی ئەوەیە، شەهیدكردنی ژن و منداڵ و خەڵكی ‏سڤیلی ئێمە هیچ شانازی و سەربڵندی بۆ ئێوە تێدا نیە. دەتوانن بمانكوژن بەڵام دڵنیا بن ناتوانن ئیرادەمان لێ ‏بستینن‎.‎

گەلی كوردستان پشتی بە خوا و ڕەوایەتیی دۆزەكەی قایمە و خودا لە هەموو زاڵم و هێزێك گەورەترە‎.‎

مسعود بارزانی
‎16‎ی كانوونی دووەمی 2024‏