ڕاگەیەندراوێك لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمەوە لەسەر هێرشەكانی سوپای پاسداران

16-01-2024 02:18
ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری هەولێر کە سوپای پاسداران کردیە ئامانج

پەرەگراف

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، لە هێرشەكانی سوپای پاسداراندا "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و شەش كەس بریندار بوون". داوای هەڵوێستیش لە "حكومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی" دەكات.

لە هێرشە مووشەكییەكانی سوپای پاسدرانی ئێراندا، ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری دیاری هەولێر كراوەتە ئامانج. خۆی و چەند ئەندامێكی خێزانەكەی گیانیان لەدەست داوە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "كاتژمێر 11:30ی شەوی 15 لەسەر 16ی كانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەكی بالیستیكی، چەند ناوچەیەكی سڤیلنشینی هەولێری بوردومان كرد".

ئەنجوومەنی ئاسایش دەشڵێت "بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان، چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و شەش كەسی دیكەش بریندار بوون، كە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەكان ناجێگیرە".

"سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، ئەم هێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەكی گرووپە دژبەرەكانی ئێران بووە. ئەم بیانووە بێ بنەمایە و ڕەتی دەكەینەوە"، ئەنجوومەنی ئاسایش وا دەڵێت.

ئەنجوومەنەكە جەخت دەكاتەوە كە "هەمیشە بیانووی بێبنەما بۆ هێرشكردنە سەر هەولێر بەكار دێنن و هەولێر وەك دەڤەرێكی سەقامگیر، هیچ كات سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ لایەنێك".

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، هێرشەكە بە "پێشێلكردنێكی ئاشكرای سەروەریی هەرێم و عێراق" ناو دەبات دەڵێت "پێویستە حكومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو تاوانە بێدەنگ نەبن".