سوپای پاسداران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکیی کردەسەر هەولێر

16-01-2024 12:43
ڕووناکیی ئەو مووشەکانەی ئەمشەو ئاڕاستەی هەولێر کران.

پەرەگراف

پەرەگراف

ئەمشەو زنجیرەیەك هێرشی گەورە كرایە سەر هەولێر و كوژراو و برینداری لێ‌ كەوتەوە. سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی هێرشەكانی لە ئەستۆ گرت و دەڵێت "بارەگایەكی سخوڕیی مۆسادمان كردووەتە ئامانج و خاپوورمان كردووە".

سوپای پاسدارانی ئێران پاش هێرشەكان، سێ‌ ڕاگەیەندراوی بڵاو كردەوە. لە یەكەمیاندا ڕایگەیاند "لە وەڵامی تاوانە تیرۆریستییەكانی ئەمدواییەی دوژمنانی ئێران، بە مووشەكی بالیستی بنكە سیخوڕییەكان و شوێنی كۆبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەكانی دژبەری ئێرانمان لە ژمارەیەك خاڵی ناوچەكە لە نیوەشەودا كردە ئامانج و خاپوورمان كردن".

دواتر سوپای پاسداران ڕاگەیەندراوێكی دیكەی بڵاو كردەوە كە تێیدا دەڵێت "لە وەڵامی تاوانەكانی ئەمدواییەی گرووپە تیرۆریستییەكان لە كرمان و ڕاسك، ژمارەیەك شوێنی كۆبوونەوەی سەركردە و ئەندامانی ئەو گرووپانە كە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە هێرشە تیرۆریستییەكانەوە هەبوو، بە تایبەت داعشمان لە ناوچە داگیكراوەكانی سووریا بە مووشەكی بالیستی كردە ئامانج و خاپوورمان كردن".

سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوی سێیەمدا ڕایگەیاند "سوپای پاسداران لە وەڵامی گێرەشێوێنییەكانی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنی (ئیسرائیل) لە شەهیدكردنی فەرماندەكانی سوپا و بەرەی بەرەنگاری، لەسەر بنەمای زانیاری دەربارەی جموجووڵەكانی ڕژێمی زایۆنی لە ناوچەكە، بە مووشەكی بالیستی یەكێك لە بارەگا سەرەكییە سیخوڕییەكانی (مۆساد)ی لە هەرێمی كوردستانی عێراق كردە ئامانج و خاپووری كرد".

سوپای پاسداران دەڵێت "ئەو بارەگایە ناوەندی پەرەپێدانى كاری سیخوڕی و پیلاندانان بۆ كاری تیرۆریستی لە ناوچەكە و بە تایبەت بۆ سەر وڵاتەكەمان بووە".

ئەمە لە كاتێكدایە كە چەندن جار حكومەتی هەرێم ڕەتی كردووەتەوە بارەگای ئیسرائیل و مۆساد لە هەولێر بوونی هەبێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە وەڵامی بۆردومانەكانی سوپای پاسداراندا ڕایگەیاند "هەولێر ناهەژێ و نالەرزێ و ناترسێ".