هەژماری من، پرۆژەكەی مەسروور بارزانی، دوای هەولێر دەبرێتە دهۆك و سلێمانییش

15-01-2024 10:18

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەڵێت "نزیكەی ١٩٠ هەزار فەرمانبەر بەشدارییان لە پرۆژەی هەژماری ‏من كردووە و زیاتر لە شەش هەزاریان كارتی بانكییان وەرگرتووەتەوە، زیاتر لە سێ‌ هەزار فەرمانبەریش ‏لەڕێی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە". ڕایشیدەگەیەنێت كە "ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی ‏پرۆژەكە لە دهۆك و سلێمانی لە قۆناغی كۆتاییدایە".‏

وەزارەتەكە ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی پرۆژەكەوە بڵاو كردووەتەوە و تێیدا دەڵێت "قۆناغی یەكەمی كارەكانی ‏پرۆژەی هەژماری من لە سنووری پارێزگای هەولێر لە كۆتایداییە و لە ماوەی چوار مانگی ڕابردودا نزیكەی ‏‏١٩٠ هەزار فەرمانبەر لە سنووری پارێزگاكە بەشدارییان لە پرۆژەی هەژماری من كردووە".‏

هەروەها بەپێی ڕوونكردنەوەكە، لە ئێستادا "زیاتر لە شەش هەزار فەرمانبەر كارتی بانكییان وەرگرتووەتەوە و ‏مانگی ڕابردووش نزیكەی سێ‌ هەزار فەرمانبەر لەڕێی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە".‏‎ ‎

لە پرۆژەكەدا پێنج بانكی تایبەت بەشدارن كە بریتین لە (بانكی جیهان، بانكی ئاشوور، بانكی ئەهلیی عێراقی،‎ ‎RT bank ‎‏ و ‏bbac bank‏). وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە كردووە كە "بانكەكان سەرجەم مەرجەكانیان ‏تێدایە و لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە پەسەند كراون".‏

وەكوو ئامادەكاری بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو و ڕاكێشانی پارە، نزیكەی ٥٠ ئامێری ڕاكێشانی پارە‎ (ATM) ‎لە ‏شاری هەولێر دانراون و "ژمارەیان لە زیادبووندایە".‏

وەزارەتی دارایی دەڵێت "چەندین بانكی تریش لەسەر هێڵن بۆ بەشداری لە پرۆژەكە و تا ئێستا پرۆژەی ‏دروست كردنی (ھەژماری من) بەبێ هیچ كێشە و ئاستەنگێك بەڕێوە دەچێت، ئامادەكارییەكان بۆ ‏دەستپێكردنی پرۆژەی (هەژماری من) لە پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانی لە قۆناغی كۆتاییدایە".‏

وەزارەتی دارایی هەرێم، پرۆژەی (هەژماری من)ـی بە "پرۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژیی كابینەی نۆیەمی ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان" ناو بردووە كە "لەلایەن نووسینگەی سەرۆكوەزیران بە هاوكاریی وەزارەتی ‏دارایی و ئابووری و بە ڕەزامەندیی بانكی ناوەندیی عێراق ئەنجام دەدرێت".‏

‏"ئامانج لە پرۆژەكە، بنیاتنانی سیستەمێكی بانكیی بەهێزە كە فەرمانبەران و مووچەخۆران تیایدا لە ‏چەندین خزمەتگوزاریی دارایی و بانكی سوودمەند دەبن و لە قۆناغی داهاتووشدا كارمەندانی كەرتی تایبەت ‏دەبنە خاوەن ( هەژماری من)"، وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.‏