پەرەگراف
سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم ڕەتی دەكاتەوە كە لێدوانەكەی ئەمڕۆی "هەڕەشە" بووبێت لە مامۆستایان و دەڵێت "هەمیشە وتوومانە ئێمە قەرزاری هەڵویستی مامۆستا و فەرمانبەرانين".
جووتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێكدا كە لێی پرسی: ئەگەر مووچە دابەش بكرێت و مامۆستایانی سلێمانی لە بایكۆت بەردەوام بن، هەڵوێستی حكومەت چی دەبێت"؟ وتی "ئەو كاتە هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین".
دواتر سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك وتی "ئەمڕۆ لێدوانێك بە ناوی منەوە بڵاوكراوەتەوە كە گوایە هەڕەشەمان لە مامۆستایانی بەڕێز كردووە. ئەو میدیا و سۆشیاڵ میدیایانە لێدوانەكەی منیان شێواندووە و وەكوو خۆی بڵاویان نەكردووەتەوە".
جووتیار عادل جەخت دەكاتەوە كە لە لێدوانەكەدا "هیچ هەڕەشەیەك لە مامۆستایان نەكراوە" و دەڵێت "بەڵكوو هەمیشە وتوومانە ئێمە قەرزاری هەڵویستی مامۆستا و فەرمانبەران و خۆراگڕییانین لەم قۆناغە داراییە سەختەدا".