ئەمەریکا هەزارو ٥٠٠ سەرباز ڕەوانەی عێراق و سوریا دەکات

15-01-2024 04:06
ڕێکخستنی بۆنەیەکی تایبەت لە ویلایەتی نیوجێرسی بۆ ئەو سەربازانەی ڕەوانەی عێراق و سوریا دەکرێن.

پەرەگراف

ئەمەریکا هەزارو ٥٠٠ سەرباز ڕەوانەی عێراق و سوریا دەکات لە چوارچێوەی شەڕی ڕوبەڕوبوونەوەی داعش، ئەوەش پێچەوانەی خواستی ئاشکرای حکومەتی عێراقە کە داوای چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان دەکات لە ژێر فشاری لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بڵاویکردەوە، لە ویلایەتی نیوجێرسی ئەمەریکا بۆنەیەکی تایبەت بۆ ئەو هەزارو ٥٠٠ سەربازە ڕێکخراوە کە ڕەوانەی عێراق و سوریا دەکرێن و کەسوکارو خێزانەکانیان ئامادەبوون وەک دواین بۆنەی بەیەکەوەبوونی بەرلە ماڵئاوایی.

سەربازەکانی لە تیمی شەڕی لیوای ٤٤ی پیادەن و بەرەو ویلایەتی تەکساس دەڕۆن بۆ بنکەی مەشق و ڕاهێنان بەرلەوەی ڕەوانەی عێراق و سوریا بکرێن، ئەوە گەورەترین تیمی سەربازیی نیوجێرسییە کە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت لە ساڵی ٢٠٠٨وە.

موقەدەم عومەر مینۆت یەکێک لە بەرپرسانی تیمەکە بە کەناڵی سی بی ئێسی ئەمەریکی وت، "ڕاهێنانی پێویستمان پێکراوەو ئەو کەلوپەلانەشمان هەیە کە پێویستمانە بۆ شەڕکردن و سەرکەوتن". 

ڕەوانەکردنی ئەو سەربازانە بۆ عێراق لە کاتێکدایە لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران فشارەکانیان چڕکردووەتەوە تا حکومەت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات کە چوار ساڵە لە پەرلەمان دەرچووەو تایبەتە بە کردنەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بۆ ئەو مەبەستەش لە پەرلەمان زیاتر لە ٥٠ واژۆیان کۆکردووەتەوە.

پەرلەمانتارانی کوردو سوننەکان پشتیوانی ئەو هەنگاوە نین و واژۆیان نەکردووە، حکومەتی عێراقیش بە هەڵوێستی ئاشکرا داوای چوونەدەرەوەی هێزە ئەمەرکییەکان دەکات و بەپێی زانیاریی چەند میدیایەکیش بە نهێنی داوای مانەوەی کردوون.

سەرۆكوەزیرانی عێراق هەفتەی ڕابردوو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وت، بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ئەمەریكا لە عێراق "هۆكاری ناسەقامگیرییەو دەمانەوێت خاكی عێراق جێبهێڵن".

محەمەد شیاع سوودانی وتیشی، عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی دانووستانەوە هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ئەمەریكا، بە شێوەیەكی خێرا و ڕێكوپێك خاكی عێراق جێبهێڵن، "هیچ وادەیەك بۆ ئەو كشانەوەیە دیاری نەكراوە".

ئەمڕۆش تەحسین خەفاجی سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، رایگەیاند، عێراق پێویستی بە ھیچ ھێزێکی بیانی نییە و لە ئێستاشدا ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان راوێژکردن و راھێنان و ئاڵوگۆڕی زانیارییە.

خەفاجی وتیشی "لیژنەی ھاوبەشی نێوان عێراق و ھاوپەیمانان دەست بە کارەکانی دەکات کە دانانی خشتەیەکە بۆ کشانەوەی ھاوپەیمانان لە عێراق و پێداچوونەوەیە بە پەیوەندییەکان بە گشتی".

میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران ١٠ ڕۆژ دوای دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری ڕابردوودا، بەرەیەکیان بەناوی "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی" پێکهێناو هێرشی فراوانیان دەستپێکرد بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیل لەلایەن ئەمەریکاوە، لەو چوارچێوەیەدا زیاتر لە ١٠٠ هێرشیان کردووەتەسەر بنکەکانی ئەمەریکاو هەر بە پاساوی لێدان لە ئەمەریکییەکان زیاتر لە ٣٠ هێرشیان کردووەتەسەر هەرێمی کوردستان.

ئەمەریکا بەردەوام هۆشداریی داوە کە ھێرشی ئەو گروپانە بێوەڵام نابێت کە بە هێرشی "ئێران" ناویان دەبات، بۆ ئەوەش داوای لە حکومەتی عێراق کردووە هێرشەکان ڕابگرێت و میلیشیاکان کۆنتڕۆڵ بکات، هەرچەندە عێراق ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات و بە تیرۆریستی لەقەڵەمیان دەدات، بەڵام توانای بەسەر میلیشیاکاندا ناشکێت و ناتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات.

لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ئەمەریکا چەند جارێک بۆدرومانی بارەگای ئەو گروپانەی کردووەو چەندین چەکداری سەر بە بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی حیزبوڵای عێراقی کوشتووە کە بەشێکن لە بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی.