پەرەگراف
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بە ناردنی ٦١٨ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوە یەکەم گوژمەی پارە دەبێت کە لە ساڵی نوێدا بۆ هەرێم دەنێردرێت و لە پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی عێراق.
بڕیارە ناردنی ئەو بڕە پارەیە مانگانە بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی یاسای بودجە هەمواردەکرێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە هەموارەکەدا پشکی مووچەی هەرێم بە ٦١٨ ملیار دیناری مانگانە دیاری بکرێت ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو داتایانەی لەلای دیوانی چاودێری دارایی عێراق و حکومەتی عێراقە، ئامانج لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە مسۆگەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە کە یەکێکە لە داواکارییەکانی حکومەتی هەرێم و دەیەوێت لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراقەوە، مووچەی هەرێم دوربخاتەوە لە کێشەکانی دیکەی نێوان هەولێرو بەغدادو مانگانە لەکاتی خۆیدا ڕەوانە بکرێت.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕەزامەندە بە چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەڵێنیداوە پڕۆژەی هەمواری یاسای بودجەی عێراق بنێرێتە پەرلەمان بە مەبەستی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی ئەو داوایەی هەرێمی کوردستان.
حکومەتی عێراق ساڵی ڕابردوو سێ مانگ قەرزی ٧٠٠ ملیار دیناریی بۆ هەرێمی کوردستان نارد بۆ مووچە، حکومەتی هەرێم بەو قەرزە مووچەی مانگەکانی ٧ و ٨ و ٩ی دابەش کرد، داوای لە عێراق کردبوو بەدەوامبێت لە ناردنی پارەی مووچە تا یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە، عێراق داواکەی پەسەندکرد بەڵام بڕی پارەکەی لە ٧٠٠ ملیارەوە کەمکردەوە بۆ ٦١٨ ملیارو حکومەتی هەرێم دەبێت بە داهاتی ناوخۆ کورتهێنانی مووچە پڕبکاتەوەو ٣٠٠ ملیار دینار بخاتەسەر ئەو پارەیە تا بتوانێت مانگانە مووچە دابەش بکات.
هێشتا حکومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی دابەش نەکردووە، بەپێی نووسراوێک کە پێشتر پەرەگراف بڵاوی کردەوە، وەزارەتی دارایی هەرێم مووچەی ئەو سێ مانگە نەدراوە بە "مووچە شایستە نەدراوەکان" تۆمار دەکات، بەوپێیەش سێ مووچە نەدراوەکە وەک قەرز لەسەر حکومەتی هەرێم دەمێننەوە هاوشێوەی پاشەکەوتەکانی ساڵانی ڕابردوو، ئەوە لەکاتێکدایە گێڕانەوەی ئەو مووچانە یەکێک لە داواکارییەکانی مامۆستاو فەرمانبەرانە کە بەردەوامن لە بایکۆت و خۆپیشاندان.
پاشەكەوتی موچە، بڕینی ڕێژەی لە سەدا 10 تا سەدا 70 بوو لە پارەی مانگانەی موچەخۆران و فەرمانبەران لە نێوان ساڵانی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩)، لە هەندێك ساڵدا چەند مانگێك بە تەواوی موچە نەدرا و مانگەكانی دیكەش بە پاشەكەوت یان لێبڕینی بەشێكی موچە دابەشكرا؛ لەو چەند ساڵەدا 12 موچە بە تەواوی نەدرا و زیاتر لە 30 موچەش بە پاشەكەوت و لێبڕینەوە دابەشکران.