ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكرێت

14-01-2024 02:36
کۆبوونەوەیەکى پێشترى نێوان کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق و سەرۆکى هەرێم

پەرەگراف

شاندێكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە پێشنیازێكەوە دێتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە. وتەبێژی كۆمیسیۆن دەڵێت "لە کۆبوونەوەکەدا ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری دەكرێت".

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە ئاژانسی دەنگوباسی عیراقی ڕاگەیاند "سبەی دووشەممە 15-1-2024، شاندێكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات ڕۆژى سێشەممە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم كۆدەبێتەوە".

شاندەكە پێكهاتووە لە سەرۆكی كۆمیسیۆن، سەرۆكی فەرمانگەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران. وتەبێژی كۆمیسیۆن دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا ڕۆژێكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكرێت".

پێشتر كۆمیسیۆن ڕایگەیاند كە ناتوانێت لە وادەی دیاریكراو كە 25-2-2024ـە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدات، بەهۆی ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق درەنگ پارەی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكە خەرج كردووەو لە 28-12-2024 فەرمانی پارە خەرجكردنەکە گەیشتووەتە دەستی كۆمیسیۆن.

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشنیازێكی لەناوخۆیدا تاوتوێ‌ كردووە، كە ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە بخرێتە 30-5-2024، چاوەڕوان دەكرێت پێشنیازەكە ئاراستەی سەرۆكی هەرێم بكرێت بۆ پەسەندكردن، ئەوە لەکاتێکدایە ١-٧-٢٠٢٤ تەمەنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کۆتایی دێت و دەبێت ‏بەر لەو وادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدات.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت و سەرۆکی هەرێم ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریکرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەکراو سەرەڕای ‏دوو جاری دیکەش دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤) و فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن بە تایبەت لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدرا.‏

هاوکات لەگەڵ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن، چاوەڕوان دەکرێت ٢١ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری کۆتایی لەو سکاڵایە بدات کە یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردن تۆماری کردووەو، دیارترین خاڵی سکاڵاکە کورسیی پێکهاتەکان و بازنەی هەڵبژاردنە کە یەکێتی داوای فرەبازنەیی و دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان دەکات بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا.

لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.