خۆپیشاندانی فراوانی مامۆستاو فەرمانبەران بۆ مووچە بەردەوامە

14-01-2024 12:28
خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستاو فەرمانبەران لە سلێمانی.

پەرەگراف

بە دروشمی "بایکۆت بەردەوامە" مامۆستاو فەرمانبەران لە سلێمانی و هەڵەبجەو شارو شارۆچکەکانی دیکەی گەرمیان و ڕاپەڕین ڕژانەوەسەر شەقامەکان و خۆپیشاندانی ناڕەزاییان بۆ مووچەو پلەبەرزکردنەوە ئەنجامدا.

بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لەکاتێکدایە پەروەردەی سنوری ناوچەکانی بایکۆت، رۆژی ٩ی ئەم مانگەیان وەکو وادەی شکاندنی بایکۆت و دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن دیاریکرد بوو، بەڵام مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیی ئامادەنین بایکۆت بشکێنن تا جێبەجێکردنی داواکانیان.

وەرزی یەکەمی خوێندن لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بە بایکۆت کۆتایی هات و مەترسی لەسەر فەوتانی ساڵێکی خوێندنی زیاتر لە 700 هەزار خوێندکار هەیە، هۆکاری سەرەکی بایکۆت و نەکردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانیش جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی مامۆستاو فەرمانبەرانە کە هێشتا بە هەڵواسراویی ماونەتەوە.

مامۆستاو فەرمانبەران پێنج داواكارییان ئاراستەی حكومەتی هەرێم كردووە بۆ شكاندنی بایكۆت و جەخت دەکەنەوە ئەگەر ئەو داواكارییانە جێبەجێ‌ نەكرێن، بۆ وەرزی دووەمی خوێندنیش بایكۆت ناشكێنن، چوار لە داواكارییەكان بریتین لە، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان لەگەڵ پێدانی مووچە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک.

داواكاری پێنجەمیش ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم ڕێگری نەكات لەوەی لە هەمواری یاسای بودجەی عێراقدا، مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن بانكە حكومییەكانی حكومەتی عێراقەوە دابەش بكرێت.

لەگەڵ بەردەوامیی بایکۆت و خۆپیشاندانی مامۆستاو فەرمانبەران بۆ مووچە، حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ چارەسەری یەکجاریی ئەو کێشەیەو مسۆگەرکردنی ناردنی پارە لە عێراقەوە، بۆئەو مەبەستەش داوای بەردەوامیی پێدانی قەرزە ٧٠٠ ملیارییەکەی کردووە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە تا یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە، بەڵام هێشتا وەڵام نەدراوەتەوە.

حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراقەوە، مووچەی هەرێم دوربخاتەوە لە کێشەکانی دیکەی نێوان هەولێرو بەغدادو مانگانە لەکاتی خۆیدا ڕەوانە بکرێت.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕەزامەندە بە چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەڵێنیداوە پڕۆژەی هەمواری یاسای بودجەی عێراق بنێرێتە پەرلەمان بە مەبەستی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی ئەو داوایەی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی عێراق ساڵی ڕابردوو سێ مانگ قەرزی ٧٠٠ ملیار دیناریی بۆ هەرێمی کوردستان نارد بۆ مووچە، حکومەتی هەرێم بەو قەرزە مووچەی مانگەکانی ٧ و ٨ و ٩ی دابەش کرد، بەڵام مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەو ساڵەی دابەش نەکرد.

بەپێی نووسراوێک کە پێشتر پەرەگراف بڵاوی کردەوە، وەزارەتی دارایی هەرێم مووچەی ئەو سێ مانگە نەدراوە بە "مووچە شایستە نەدراوەکان" تۆمار دەکات، بەوپێیەش سێ مووچە نەدراوەکە وەک قەرز لەسەر حکومەتی هەرێم دەمێننەوە هاوشێوەی پاشەکەوتەکانی ساڵانی ڕابردوو، ئەوە لەکاتێکدایە گێڕانەوەی ئەو مووچانە یەکێک لە داواکارییەکانی مامۆستاو فەرمانبەرانە کە بەردەوامن لە بایکۆت و خۆپیشاندان.

پاشەكەوتی موچە، بڕینی ڕێژەی لە سەدا 10 تا سەدا 70 بوو لە پارەی مانگانەی موچەخۆران و فەرمانبەران لە نێوان ساڵانی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩)، لە هەندێك ساڵدا چەند مانگێك بە تەواوی موچە نەدرا و مانگەكانی دیكەش بە پاشەكەوت یان لێبڕینی بەشێكی موچە دابەشكرا؛ لەو چەند ساڵەدا 12 موچە بە تەواوی نەدرا و زیاتر لە 30 موچەش بە پاشەكەوت و لێبڕینەوە دابەشکران.