سەفین دزەیی بەشێك لە كارەكانی نوێنەرایەتیی حكومەت لە ئیسپانیا لە پشكی یەكێتی ڕادەگرێت
پەرەگراف
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نووسراوێكی "ئاگاداركردنەوە و سەرنج" ئاراستەی دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە وڵاتی ئیسپانیا لە پشكی یەكێتی دەكات و بەشێك لە كارەكانی ڕادەگرێت. تۆمەتباریشی دەكات بە "تێكەڵكردنی بابەتی كەسی بە كاری پیشەیی و دیبلۆماسی".
نووسراوەكە كە وێنەیەكی دەست پەرەگراف كەوتووە، تێیدا هاتووە "ماوەیەكە بە تایبەت دوای دەستبەكاربوونی نوێنەری نوێ، كۆمەڵێك كێشەو گرفت لە نوێنەرایەتیتانەوە ڕووبەڕووی فەرمانگە دەكرێتەوە، كە بووەتە هۆی دووركەوتنەوەی نوێنەرایەتی لە ئەركی خۆی".
سەفین دزەیی بە دارەوان حاجی حامید دەڵێت "هەست دەكەین زۆرینەی كێشەكان چوارچێوەی كەسییان هەیە و لە بازنەی كەمكردنەوەی ڕۆڵ و سڕینەوەی ئەو كار و خزمەتانە دەسوڕێنەوە كە پێشتەر لە نوێنەرایەتی بەئەنجام گەیشتوون".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە وڵاتی ئیسپانیا تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "بەبێ ئاگادریی فەرمانگە، چەندین هەڵسوكەوت و كاری دوور لە پرەنسیپی كار و ئەركی نوێنەرایەتی"ـی ئەنجام داوە و دەڵێت "بووەتە هۆی ناڕەزایەتی و گلەیی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی هەرێم و تەنانە هەندێك لە بەرپرسانی حكومەتی ئیسپانیا".
سەفین دزەیی، دارەوان حاجی حامید ئاگادار دەكاتەوە كە "بەزووترین كات" ئەو كردارانە ڕابگرێت و "لە كاتی ئێستاشدا جگە لە كاروباری كونسوڵگەری و یاسایی تایبەت بە ڕەوەندی كوردی، هەموو جموجووڵێكی تر كە تایبەت بێت بە كاروباری سیاسی و دیبلۆماسی" ڕابگرێت، تا كاتێك كە ئاگاداری دەكەنەوە. سەفین دزەیی دەڵێت "بە پێچەوانەوە، ڕێكاری یاسایی لەلایەن فەرمانگەكەمانەوە دەگیرێتە بەر".
دارەوان حاجی حامید لە 15-8-2023 لە پشكی یەكێتی وەكوو نوێنەری نوێی حكومەتی هەرێم لە وڵاتی ئیسپانیا دیاری كرا.