سەرۆکی هەرێم: خەڵک لە دۆخێکی خراپدا دەژین و پێوستە کێشەی گەورەی مووچە بەزوویی چارەسەر بکرێت
پەرەگراف
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، لەبەر نەبوونی بودجە و مووچە لە هەرێمی کوردستان، فەرمانبەران و خەڵک لە دۆخێکی خراپدا دەژین و نەبوونی بودجە و مووچە کاریگەرییەکی زۆر خراپی کردووەتە سەر هەموو کەرتەکان.
"زۆر پێویستە ئەو کێشە گەورەیە بەزوویی چارەسەر بکرێت. ئەمەش بەرپرسیارێتی هەموومانە، چونکە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێکن لە عێراق" نێچیرڤان بارزانی وای وت، لە وتارێکدا لە ڕێوڕەسمی "شەهیدی میحراب" لە بەغداد کە سەرۆکایەتییەکانی عێراق و زۆرینەی بەرپرسانی باڵای حکومەت و حیزبەکانیش بەشدار بوون.
سەرۆکی هەرێم داوای لە تەواوی سەرکردە و لایەن و فراکسیۆنەکان و هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، پشتیوان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی عێراق هەمواری یاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکات تا مووچەی هەرێم جیابکرێتەوە لە بابەتەکانی دیکەو دابینکردنی مسۆگەر بکرێت.