فارس عیسا: یاسای بودجە هەموار دەکرێت و کێشەی مووچە چارەسەر دەکرێت

11-01-2024 11:36

پەرەگراف

سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغدا "گەشبین"ـە بە كۆبوونەوەكانی ئەمدواییەی نێون شاندی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی و دەڵێت "یاسای بودجە هەموار دەكرێت و كێشەی مووچە چارەسەر دەكرێت".

ئەم گەشبینییەی سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغدا لە كاتێكدایە كە شاندی هەرێم هەفتەی پێشوو سەردانێكی چەندڕۆژی بۆ بەغدا ئەنجام دا و پاش ئەنجامدانی ژمارەیەك كۆبوونەوە، گەڕایەوە هەولێر و هیچ لێدوان و ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەنجامی سەردانەكەوە نەبوو.

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغدا، ئەمڕۆ لەگەڵ لەتیف ڕەشید، سەرۆككۆماری عێراق كۆبووەتەوە. ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغدا دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا گرنگترین ئەو بابەتانەی ڕوونكردەوە كە لە كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی نێوان شاندەكانی هەولێر و بەغدا باس كران".

فارس عیسا "گەشبینی"ـی خۆی دەربڕیوە لەوەی "هەردوولا دەگەنە چارەسەر بۆ ئەو كێشانە، بەتایبەتی كێشەی مووچەی فەرمانبەران".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا "جەختیشی كردەوە لەوەی كە هەمواركردنەوەی یاسای بودجە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیدا باس دەكرێت و دوای پەسەندكردنی، دەنێردرێتە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ گفتوگۆكردن و دەنگدان لە سەری".

ڕۆژى ٦-١-٢٠٢٤ شاندێکى حکومەتى هەرێم بە سەرۆکایەتیى ئاوات جەناب، وەزیرى دارایى و ئەندامێتیى کەمال محەمەد، وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم و ژمارەیەک بەرپرسى دیکە، گەیشتە بەغداد. وەزارەتی دارایی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی سەردانی شاندەکە بڵاو کردەوە.

"ماوەی چەند مانگێکە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لەسەر ئاستی هەردوو سەرۆکوەزیران هەوڵەکانیان چڕ کردووةتەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای هەمواکردنەوەی یاسای بودجەی گشتيی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤"، وەزارەتى دارایى وا دەڵێت.

وەزارەتى دارایى وتیشى "بڕیارە شاندی هەرێم لە بەغداد چەندین دیدارو کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق ئەنجام بدەن، هەروەک یاسای نەوت و گاز و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی شاندی هەرێمن لە گەڵ بەغداد".