پەرەگراف
پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت"هیچ بڕیارێكی ڕەسمیمان لە هیچ شوێنێكەوە بۆ هەرزانكردنی نان و سەموون بەدەست نەگەیشتووە". دەشڵێت "هەرزانكردنی نان و سەموون بە بڕیاری سەرەوە نابێت".
هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان ڕوونی كردەوە كە "دەستكاركردنی نرخی نان بە تێگەیشتن لە دۆخی گشتی دەبێت، تەنیا بریتی نییە لەوەی كە فەردەیەك ئارد چەند نانی تێدا دەبێت".
پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوە كردەوە كە "تەنیا هەرزانكردنی كەرەستەیەك یەكسان نییە بە باشبوونی بژێوی و دابەزاندنی نرخی كاڵایەك، ئەگەر بەگشتی ئاستی بژێویی هاووڵاتیان بۆ ژیانی ڕۆژانەیان دیراسە نەكرێت".
ئاماژەی بەوەش كرد "دەبێت بیر بكرێتەوە لەوەی نانەواخانەیەك كە چەند كەسێك كاری تێدا دەكەن، ئەو داهاتەی پەیدای دەكەن بەشی بژێویی ڕۆژانەیان دەكات؟".
ئەم لێدوانەى پارێزگارى سلێمانى لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم، بڕیارێکى دەرکرد بۆ هەرزانکردنى نان و سەموون، بە جۆرێک کە ١٠ نان و سەموون بکرێن بە هەزار دینار، کە پێشتر ٨ـى بە هەزار دینار بووە. ئەوەش کاردانەوەى خاوەنى نانەواخانە و سەموونخانەکانى هەولێرى بەدوادا هات و بە بڕیارێکى "هەڵە و دیراسەنکراو" لەقەڵەمیان دا. لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگارى هەولێر سوورە لەسەر جێبەجێکردنى.
هەر لەسەر ڕەخنەگرتنی لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەهۆی بڕیاری هەرزانكردنی نان و سەموونەوە، ئێوارەی 8-1-2024 خاوەنی نانەواخانەیەك لەلایەن ئاسایشى هەولێرەوە دەستگیر كرا. ڕووداوەكە كاردانەوەی خێرای حیزبەكان و خەڵكی بەدوادا هات. پاش فشارەكان، ڕۆژی دواتر نانەواكە ئازاد كرا.
ئەو نانەوا كە ناوی ئیدریس مەسعود بوو، لە گردبوونەوەی خاوەنی نانەواخانە و سەموونخانەكاندا وتی "بە خۆم و كوڕەكەمەوە لە بەیانی تا ئێوارە ئیش دەكەین، داهاتی ڕۆژانەم 35 هەزار دینارە. بەو شێوەیەی ئێستا بێت ڕۆژی 50 هەزار دینار زەرەر دەكەم. ئەدی ئێمەش هاووڵاتیی ئەو نیشتمانەی نینە؟! تەنیا ئێمە دەبێت باجەكەی بدەین كە هەژارین؟!".
ئەو نانەوا بە تووڕەییشەوە وتی "ئەگەر (سەرۆكی حكومەت) چاكسازی دەكات، با لە ماڵی خۆی و منداڵەكانی و ئامۆزاكانیەوە دەست پێ بكات، با چاكسازی لە نەوت و غازدا بكات".
پارێزگای هەولێرش لە ڕوونكردنەوەیەكدا جەخت لە جێبەجێكردنی بڕیاری هەرزانكردنی نان و سەموون دەكاتەوە و دەڵێت "ئەوانەی ناڕەزایەتییان دەربڕی، بۆ شێواندنی بارودۆخەكە بوو".
بەپێی ڕوونكردنەوەكەی پارێزگای هەولێر، بڕیار دراوە وەكوو پاڵپشتی و هاوكارییەك بۆ نانەواخانە و سەموونخانەكان، لەمەودوا "نرخی هەر لیترێك غاز 50% داشكاندنی بۆ بكرێت و ڕۆژانە بە زیادەوە بە بڕی (300 دینار) بۆ هەر لیترێك غازیان بۆ دابین بكرێت، كە خۆیان پێشتر بە (600 دینار) بۆ هەر لیترێك غازیان كڕیووە، ئەوە جگە لە دابینكردنی ئارد بۆیان بە نرخی (30 هەزار دینار) بۆ هەر فەردەیەك و لەگەڵ كڕینی هەر تەنێك ئارد فەردەیەك ئاردیان بە خۆڕایی پێ بدرێت و لە پێدانی كارەباش پاڵپشتییان بكرێت".
بەشێك لە خاوەنی نانەواخانە و سەموونخانەكان كە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، دەڵێن دەبێت نرخی هەموو پێداویستییەكانیان بە ڕێژەیەكی بەرچاو بۆ كەم بكرێتەوە، ئینجا دەتوانن 10 نان یان سەموون بە هەزار دینار بفرۆشن، بە پێچەوانەوە "زەرەر" دەكەن.
لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگای هەولێر جەخت دەكاتەوە كە ئەو بڕیارە لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە بۆ "بەرژەوەندیی گشتی و بە تایبەتی چینی هەژار و كەمدەرامەت" دەركراوە و هەر سەموونخانە و نانەواخانەیەكیش پابەندی بڕیارەكە نەبێت ڕووبەڕووی "ڕێكاری یاسایی" دەكرێتەوە.