پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆدەبێتەوە

11-01-2024 02:05

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق ڕۆژی شەممە یەكەم دانیشتنی وەرزی یەكەمی ساڵی سێیەمی خولى پێنجەم ئەنجام دەدات و لە یەكەم كاریدا سەرۆكێك بۆ پەرلەمانەكە هەڵدەبژێرێت.

بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە كە هەژماری پەرلەمانی عێراق لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، كۆبوونەوەكە كاتژمێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە 13-1-2024 دەست پێ‌ دەكات و تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنی سەرۆكێك بۆ جێگرتنەوەی محەمەد حەلبووسیی سەرۆكی لەسەركارلادراوی پەرلەمان.

لە دوای دوورخستنەوەی حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، لایەنەكان و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق نەیانتوانیوە لەسەر جێگرەوەیەك بۆ پۆستەكەی ڕێك بكەون. لایەنە شیعەكان هەوڵ دەدەن ڕۆڵی سەرەكی لە دیاریكردنی كاندیدێكی سوننە بۆ ئەو پۆستە بگێڕن كە بەدڵی خۆیان بێت.

ڕۆژی سێشەممە 14-11-2023، بە بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق، محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان، لە ئەندامێتیی پەرلەمان دوور خرایەوە. دوورخستنەوەی حەلبووسی كە باڵاترین پۆستی سوننەكانی عێراقی هەیە، بە پاساوی "ساختەكردنی نووسراوێك" بوو.

كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی حەلبووسی لە پەرلەمان، بەهۆی سكاڵایەكی لەیس دلێمی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراقەوە بووە كە پێشتر لە حیزبی تەقەدومی حەلبووسی بووە و دوای ئەوەی حەلبووسی لە حیزبەكە دووری خستەوە، كێشە كەوتە نێوانیان، پاشان دلێمی پەردەی لەسەر كارێكی نایاسایی حەلبووسی لادا و لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر تۆمار كرد.

دلێمی لە سكاڵاكەیدا ئەوەی خستە ڕوو، لە خولی پێشووی پەرلەمان كاتێك لەسەر حیزبەكەی حەلبووسی پەرلەمانتار بووە، سەرجەمیان نووسراوێكیان پێ واژوو كراوە دەربارەی دەستلەكاركێشانەوە لەسەر خواستی خۆیان و حەلبووسی ئەو نووسراوەی بەدەستەوە بووە تاوەكو هەر كاتێك ویستی، لە بەرامبەر پەرلەمانتاران بەكاری بهێنێت.

لەم خولەی پەرلەمان كە دلێمی لەسەر لیستێكی دیكە پەرلەمانتار بووە، حەلبووسی هەمان نووسراوی خولی پێشووی ئەو پەرلەمانتارەی بەكار هێناوە و بەو نووسراوە لە ئەندامێتیی ئەم خولەی پەرلەمان دووری خستووەتەوە، دادگاش ئەو كارەی بە ساختەكاری لەقەڵەم دا.

لە كاردانەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، حیزبی تەقەدوم كە حەلبووسی سەرۆكایەتیی دەكات، بڕیاری دا بە كشاندنەوەی وەزیرەكانی لە حكومەت و بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارەكانیەوە.

دواتریش محەمەد حەلبووسی لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە دورخستنەوەی لە پەرلەمان، وتی "دادگای فیدراڵی دەستوەردان لە هەموو شتێكدا دەكات كە لە دەرەوەی دەسەڵاتەكانی خۆیدایە، ڕۆڵی دەستووریی خۆی تێپەڕاندووە و دەستووری پیشێل كردووە".