پەرەگراف
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشنیاز دەكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ڕۆژی 30-5-2024 بەڕێوە بچێت. بەوپێیەی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دیاری دەكرێت، ئەم پێشنیازە پێویستی بە پەسەندكردنە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە. پاش سێ جار دواخستنى، ئەمە چوارەم وادەیە کە بۆ هەڵبژاردن دیارى دەکرێت.
بەپێی نووسراوێكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، پێشنیاز كراوە ڕۆژی 30-5-2024 هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت، دوو ڕۆژ بەر لەوەش كە دەكاتە 28ی ئایار، دەنگدانی تایبەت بكرێت.
ئەم پێشنیازە پاش یەكلابوونەوەی لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێم دەكرێت بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی سەرۆكی هەرێم و دەركردنی فەرمانێكی هەرێمی بۆ ڕاسپاردنی كۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو ڕۆژەدا.
ئەم پێشنیازەی كۆمیسیۆن پاش ئەوە دێت كە ماوەیەك لەمەوبەر كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە نووسراوی فەرمی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی ئاگادار كردەوە لەوەی ناتوانێت لە وادەی دیاركراو كە ٢٥-٢-٢٠٢٤ـە، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەڕێوە ببات. داوایشی كرد پێكەوە "بە هەماهەنگی" وادەیەكی دیكەی گونجاو بۆ هەڵبژاردن دیاری بكەین.
كۆمیسیۆن لە نووسراوەكەیدا ئاماژەی بەوە كردبوو، دەبوایە لە ١-٨-٢٠٢٣ دەست بە خشتەی جێبەجێكردنی كارەكان بكرایە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق لە ٢٨-١٢-٢٠٢٣ نووسراوی خەرجكردنی پارە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكەی ئاراستە كردوون، هەر بۆیە نەیانتوانیوە ڕێكارەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە بگرنە بەر، بە تایبەت ئەنجامدانی گرێبەست و ئامادەكردنی ئامێرەكانی هەڵبژاردن.
هەرچەندە كۆمیسیۆن هۆكاری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەكە لە وادەی دیاریكراودا، بۆ درەنگ خەرجكردنی پارە دەگەڕێنێتەوە، بەڵام نووسراوەكەی كۆمیسیۆن پاش ئەوەیش دێت كە سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای فیدراڵی، تا ئێستا یەكلا نەكراوەتەوە. دانیشتنی داهاتووی دادگا لەوبارەیەوە ٢١ـی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت.
چاوەڕوان دەكرێت دادگای فیدراڵی لەم دانیشتنەدا بڕیاری كۆتایی لەبارەی سكاڵاكەوە بدات، كە لەسەر پێنج ماددەی یاساكە تۆمار كراوە و دیارترینیان كێشەی كورسیی پێكهاتەكانە كە لە ڕابردوویشدا سەرەكیترین هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردنەكان بووە.
تەمەنی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق تا ١-٧-٢٠٢٤ درێژ كراوەتەوە و دەبێت بەر لەو وادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدات.
ئەمە سێیەم جارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دوادەخرێت. نێچیرڤان بارزانی ساڵی ڕابردووتر ١-١٠-٢٠٢٢ـی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری كرد، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكانەوە پرۆسەكە بەڕێوە نەچوو و تەمەنی یاسایی پەرلەمانیش كۆتایی هات.
دواتر پەرلەمانی كوردستان بەبێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ ماوەی ساڵێك تەمەنی خۆی درێژكردەوە بە ئامانجی ئەوەی تا كۆتایی ٢٠٢٣ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، سەرۆكی هەرێمیش ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ـی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری كرد. دواتر پەرلەمان لە دانیشتنێكدا كە تێیدا ناكۆكیی گەورە لە نێوان پارتی و یەكێتی ڕووی دا، كۆمیسیۆنی كارا كردەوە، هەرچەندە ئەو دانیشتنە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە دواخرا، بەڵام جێگرەكەی درێژەی پێ دا.
سەرئەنجامیش دادگای فیدراڵیی عێراق سكاڵایەكی لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان یەكلا كردەوە و درێژكردنەوەكەی بە نادەستووری و نایاسایی لەقەڵەم دا، هەموو بڕیار و یاسا پەسەندكراوەكانی ئەو ماوەیەشی هەڵوەشاندەوە.
دواجار بڕیار درا كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە ببات، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆكی هەرێمی كوردستان وادەیەكی نوێی بۆ هەڵبژاردن دیاری كرد كە ٢٥-٢-٢٠٢٤ـە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی ١٢-١٢-٢٠٢٣ زیاتر لە ٦٩ ملیار دیناری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەرخان كرد، بەڵام كۆمیسیۆن دەڵێت، دەبوو شەش مانگ بەر لە هەڵبژاردن ئەو بڕیارە دەربكرایە، ئەمە جگە لە یەكلانەبوونەوەی سكاڵاكەی یەكێتی كە چاوەڕوان دەكرێت ٢١ـی ئەم مانگە دوا دانیشتنی بێت.
سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە تایبەتن بە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان، كورسی پێكهاتەكان، بازنەكانی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم تۆمار كراوە. هەروەها ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆكی فراكسیۆنی ڕافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، سكاڵایەكی هاوشێوەی تۆمار كردووە. دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە.
دیارترین ماددەی سكاڵاكە كە كێشەی لەسەرە، پەیوەستە بە ١١ كورسیی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان و یەكێتی و لایەنە دیارەكانی دیكەش جگە لە پارتی، داوای دابەشكردنی ئەو كورسییانە بەسەر پارێزگاكاندا دەكەن.
یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە پەرلەمان هەیە و پێیان وایە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن پارتییەوە لە ململانێ سیاسییەكاندا بەكار هێنراون" و یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێكە هەر ١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی یەكلا دەبنەوە، هەر بۆیە داوای گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی كاندیدەكانی پێكهاتەكان دەكەن.
حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەكێتی وەكوو دوو هێزی دەسەڵاتدار، لە چوار ساڵی ڕابردوودا دەیان كۆبوونەوەیان بە شێوەی دوو قۆڵی و بە بەشداریی حیزبەكانی دیكە و تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجام دا، بەڵام نەیانتوانی بەربەستی سەرەكیی بەردەمیان كە ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانە لە پەرلەمانی كوردستان، چارەسەر بكەن.
پاش گەیشتنە بنبەستی گفتوگۆكان لەسەر كورسی پێكهاتەكان، یەكێتی ئەو پرسەی بردە دادگای فیدراڵی عێراق و تانەی لە یاسای هەڵبژاردنی هەرێم دا و پێی وایە چەند ماددەیەكی "پێچەوانەی دەستووری عێراقە"، یەكێك لەوانەش كورسیی پێكهاتەكانە.
لە دانیشتنەكانی پێشوودا، دادگای فیدراڵی عێراق داوای بۆچوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی كردووە لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پێشنیارەكەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، هەرێمی كوردستان بكرێت بە ٣ بازنەی هەڵبژاردن و كورسییەكانی پەرلەمان و كورسییەكانی كۆتاكان دابەشی ئەو سێ بازنەیە بكرێت، بە جۆرێك ١٠٠ كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان؛ ٤١ی بۆ سلێمانی و ٣٤ بۆ هەولێرو ٢٥ی بۆ دهۆك دیاری بكرێت.
١١ كورسییەكەی پێكهاتەكان دابەشی ئەو سێ بازنەیەی هەڵبژاردن بكرێن، بە جۆرێك؛ ٤ كورسیی پێكهاتەكان بۆ سلێمانی كە ٢یان بۆ كلدان، سریان و ئاشووری و ٢ كورسییەكەی دیكە بۆ توركمان، ٤ كورسیی دیكەش بۆ هەولێر كە بە هەمان شێوە ٢یان بۆ كلدان، سریان و ئاشووری و ٢ كورسییەكەی دیكە بۆ توركمان، دهۆكیش ٣ كورسیی پێكهاتەكانی بۆ دیاریكراوە كە ١ كورسی بۆ كلدان، سریان و ئاشووری، ١ كورسی بۆ توركمان و ١ كورسی بۆ ئەرمەنەكان.
ڕۆژی ٥-١١-٢٠٢٣ كە دانیشتنی چوارەمی دادگا لەبارەی سكاڵاكەوە بەڕێوە چوو، زیاد جەبار لە لێدوانێكی تایبەتدا بە پەرەگرافی وت "چوار ساڵە لەگەڵ هێزە سیاسییەكان لە مشتومڕی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنداین و ویستوومانە بە شێوەی سازان هەمواری یاساكە بكەین، بەڵام نەگەیشتینە ڕێككەوتن، هەر بۆیە پەنامان بردووەتە بەر دەستوور و یاسا".
یەكێتی سكاڵای لەسەر ماددەكانی (١، ٩، ١٥، ٢٢ و ٣٦)ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ـی هەمواركراو تۆمار كردووە، واتا تانەیان لە ماددە هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوە و داوا دەكەن دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوەو یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی.
زیاد جەبار بۆ پەرەگراف وتی "لەسەر مەسەلەی پێكهاتەكان، یەكێتی جەخت لە دوو خاڵ دەكاتەوە. یەكەم: مەبدەئی یەكێتی وا بووە ئەو كورسییانە بۆ نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان بیت. دووەم: لە هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتە هەیە، نوێنەرایەتیی هەبێت و بەشدار بیێت".
مونا قەهوەچی، سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە پشكی پێكهاتەی توركمان، بە نوێنەرایەتیی توركمانەكان داوای لە یەكێتی كردووە سكاڵاكەی لە دادگای فیدراڵی بكشێنێتەوە، بەڵام یەكێتی بەوە ڕازی نەبووە.
زیاد جەبار ڕەتیشی كردەوە كە سكاڵاكەیان تەنیا لەسەر كورسیی پێكهاتەكان بێت و ڕایگەیاند "سكاڵایان لەسەر ماددەی یەك تۆمار كردووە كە تایبەتە بە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان". وەكوو ئەو دەڵێت "لە عێراقدا هەر ١٠٠ هەزار كەسێك نوێنەرێكی لە پەرلەمان هەیە، بەڵام لە كوردستان ڕوون نییە، ئەمە پێویستی بە ڕێكخستنە".
هەروەها دوان لە ماددەكان پەیوەندییان بە "كۆمیسیۆن و مەسەلەی بایۆمەتری و تۆماری دەنگدەران"ـەوە هەیە، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان ئاماژە بەوە دەكات كە "پاش ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن درایە دەست كۆمیسیۆنی عێراق، ئەو بەشەی سكاڵاكە كۆتایی پێ هاتووە".
هەروەها یەكێتی تانەی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە یەك بازنە داوە و داوا دەكات هەرێمی كوردستان چوار بازنەی هەڵبژاردن بێت، كە بەر لە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بەو شێوەیە بووە.
ڕۆژی ٢٤-١٠-٢٠٢٣، زۆرینەی حیزب و لایەنەكانی توركمان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی توركمان، بە بەشداریی نوێنەری پێنج كونسوڵگەری و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر كۆبوونەوە. وەك خۆیان دەڵێن "كۆبوونەوەكە بۆ پارێزگاریكردن لە سیستەمی كۆتای پێكهاتەی نەتەوەیی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان" بووە.
حیزب و لایەنە توركمانەكان دواتر بەیاننامەیەكی پێنج خاڵییان بڵاو كردەوە، تێیدا دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكاندا ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن "ڕێژەیەكی زۆری هاووڵاتیانی پێكهاتەی توركمان دانیشتووی پارێزگای هەولێرن، كارێكی هەڵەیە بەهۆكاری بوونی ڕێژەیەكی كەم لە هاووڵاتیانی توركمان لە پارێزگاكانی تر، كورسیی كۆتای توركمان دابەش بكرێت و مافی ئەو ڕێژە زۆرەی هاووڵاتیانیان لە پارێزگای هەولێر پێشێڵ بكرێت".
حیزب و لایەنەكانی پێكهاتەی توركمان، ھەر دەستكاریكردنێكی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بەتایبەت ئەو مادانەی پەیوەستن بە كورسیی پێكهاتە نەتەوەییەكان، بە "نادەستووری" ناو دەبەن، هەروەها دەڵێن "نەمانی كورسیی كۆتای نەتەوەیی پێكهاتەی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، بە مانای سڕینەوەی ناسنامە و مێژوو و شارستانیەت و بوونی سیاسیی ئەو نەتەوەیەیە".