پەرەگراف
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ئەمەریكا لە عێراق، بە "هۆكاری ناسەقامگیری" ناو دەبات، جەخت دەكاتەوە كە "دەمانەوێت خاكی عێراق جێبهێڵن".
سوودانی لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕایگەیاند "عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی دانووستانەوە هێزەكانی هاپەیمان بە سەركردایەتیی ئەمەریكا، بە شێوەیەكی خێرا و ڕێكوپێك خاكی عێراق جێبهێڵن"، بەڵام ئاماژەی بەوەش كردووە كە وادەیەك بۆ ئەو كشانەوەیە دیاری نەكراوە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق سەبارەت بە پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا، دەڵێت "پێویستە ئەم پەیوەندییە ڕێكبخرێتەوە، بۆ ئەوەی هیچ ئامانجێك یان پاساوێك نەبێت بۆ هیچ لایەنێكی چ ناوخۆیی یان دەرەكی، كە یاری بە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە بكات".
محەمەد شیاع سوودانی كە چەند جارێكی دیكەش باسی لە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق كردووە، ئێستا زیاتر جەخت لەسەر ئەو پرسە دەكات و دەڵێت "با لەسەر خشتەیەكی زەمەنی بۆ دەرچوونی هاوپەیماننان ڕێك بكەوین، واتە بەشێوەیەكی ڕاستگۆیانە و دەستوبرد بێت، بۆ ئەوەی زۆر نەمێننەوە و هێرشەكانیش بەردەوام دووبارە ببنەوە".
سوودانی لەگەڵ دووپاتكردنەوەی ئەوەی كە "ئێستا عێراق دەتوانێت بەرگریی لەخۆی بكات لە بەرامبەر تیرۆر"، ڕایگەیاندووە "پێویستە خاكی عێراق سەروەریی تەواوی تێدا بچەسپێت، بەمەش دووربكەوێتەوە لە پێدانی بیانوو بە هەر كەس و لایەنێك كە عێراق ڕابكێشێتە ناو ململانێی ناوچەیی".
"ئەمەریكا دوژمنی ئێمە نییە و لە شەڕدا نیین لەگەڵیدا، بەڵام ئەگەر ئەم گرژییانە بەردەوام بن، بە دڵنیاییەوە كاریگەریی دەبێت و بۆشایی لە پەیوەندییەكانماندا دروست دەكات"، سەرۆكوەزیرانی عێراق وا دەڵێت.
هەروەها سەبارەت بە گرژییەكانی ناوچەكە، سوودانی ئاماژە بەوە دەكات كە "تەنها بە كۆتاییهێنان بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، مەترسیی تەشەنەسەندنی شەڕ بۆ ناوچەكە كۆتایی دێت".