پەروەردە بۆ شكاندنی بایكۆت فشاری زیاتر دەكات؛ مامۆستایان: بەبێ دەستكەوت ناگەڕێینەوە هۆڵەكانی خوێندن
پەرەگراف
فشارەكانی پەروەردە نەیتوانی بایكۆت بە مامۆستایان بشكێنێت و ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی دەرگای بەشێك لە قوتابخانەكان، بەڵام لە زۆربەی قوتابخانەكانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین بایكۆت بەردەوام بوو. پەروەردە دەیەوێت بە فشاری "گرتنەبەری ڕێگای یاسایی و ئیداری" دژی مامۆستا و خوێندكارانیش، دەوام دەست پێ بكاتەوە. دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییش دەڵێت "بەبێ دەستكەوت ناگەڕێینەوە هۆڵەكانی خوێندن و هیوادارین هەمووان دوور بكەونەوە لە زمانی هەڕەشەكردن و غیابدان".
بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، ئەمڕۆ دوای كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكانی سلێمانی، كۆبوونەوەی مامۆستایان و بەڕێوەبەری قوتابخانەكان بەڕێوە چووە و لە زۆرینەی قوتابخانەكان، زۆرینەی مامۆستایان جەختیان لە درێژەدان بە بایكۆت كردووەتەوە، بەشێكی زۆر كەم لە مامۆستایان ئامادەییان بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام دەربڕیوە.
بەڕێوەبەری قوتابخانەكان پەروەردەیان لە هەڵوێستی مامۆستایان ئاگادر كردووەتەوە و لیستی ناوی ئەو مامۆستایانەی كە ئامادەن دەوام بكەن و ئەوانەی كە ئامادەی دەوام نین، ئاراستەی پەروەردە كراوە.
لە هەڵەبجەییش كۆدەنگییەكی مامۆستایان و بەڕێوەبەری قوتابخانەكانیش بۆ درێژەدان بە بایكۆت هەبووە. هەروەها لە ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕینیش بایكۆت بەردەوام بووە و ژمارەیەكی زۆر كەمی مامۆستایان ئامادەییان بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام نیشان داوە.
دوێنێ دووشەممە 8-1-2024، سەردار حەمەڕەشید، سەرپەرشتیاری یەكەم لە پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی، لە نامەیەكی دەنگیدا كە ئاراستەی بەڕێوەبەری قوتابخانەكانی سلێمانیی كردوەە، داوای لێ كردوون كە "لە سێشەممەوە داوا لە مامۆستایان و خوێندكاران بكەن بگەڕێنەوە بۆ دەوام".
بەپێی ئەو نامە دەنگییە كە دەست پەرەگراف كەوتووە، سەرپەرشتیاری یەكەم لە پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی دەڵێت "هەر كەسێك لە خوێندكاران 25 ڕۆژ نەهات بۆ دەوام، بۆ كۆی ساڵەكە فەسڵ دەكرێت، ئەگەر مامۆستایەكیش ڕۆژی یەكەم و دوووەم نەهات، پەروەردە ئاگادار بكەنەوە ڕێكاری یاساییان بەرانبەر بگیرێتە بەر".
سەردار حەمەڕەشید دەشڵێت "با هەموو لایەكمان هەوڵ بدەین ساڵی خوێندنی ئەم دەڤەرەی ئێمە نەفەوتێت".
بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، هەر ئەمڕۆ مامۆستایان هۆشدارییان پێ دراوە كە ئەگەر نەچنەوە بۆ دەوام، سزای یاسایی و ئیداری دەدرێن.
دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا جەختی لە بەردەوامی بایكۆت كردەوە و دەڵێت "دەستەكەمان ڕایدەگەیەنێت كە بەبێ دەستكەوت، ناگەڕێنەوە ناو ناوەندەكانی خوێندن".
دەستەكە دەشڵێت "سەرهەڵدان و بەئاگاهاتنەوەی ئەمجارەی مامۆستایان، بۆ دەسەڵاتی مووچەدز شۆكهێنەر بوو، بە جۆرێك تا ئێستا مامۆستایان و بەڕێوەبەرە ئازیزەكان پێكەوە هاوخەبات بوون لە شەقام تێكۆشاون بۆ سەندنەوەی مافەكان، هیوادارین هەمووان دووربكەونەوە لە زمانی هەڕەشەكردن و غیابدان و ڕۆژگارە پڕ سەروەرییەكان بە پرشنگداری بهێڵنەوە".
دەستەكە باس لەوەش دەكات كە هەفتەی داهاتوو جارێكی تر لە بەغداد سەرقاڵی دانیشتنی سێیەمی سكاڵاكەیان دژی سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی دەبن، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی مافی پلەبەرزكردنەوە.