قوباد تاڵەبانی: پێویستە مافی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی کوردستان پارێزراوبێت

09-01-2024 06:31

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی جەخت لەسەر پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد دەکات، بەشێوەیەک جێی رەزامەندی هەمووان بێت و مافی هەموو لایەک و لەناویشیاندا پێکهاتەکان پارێزراوبێت.

ئەو وتانەی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ وەفدێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی کلۆدیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی بۆ عێراق.

نووسینگەی قوباد تاڵەبانی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکراوە لەبارەی چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و لەناویشیاندا کێشەی بودجەی هەرێمی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند "وەفدی هەرێم لە دواین سەردانیدا بۆ بەغداد گفتوگۆی باش و ئەرێنییان کردوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەوڵی جدیش هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە.

"لەم قۆناغەدا پێویستە حکومەتی هەرێم و هەموو لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە گفتوگۆی جدی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراق بکەن تا یاسای بودجە بە شێوەیەک هەمواربکرێتەوە کە کێشەی مووچەی فەرمانبەران و بەشە بودجەی هەرێم بە یەکجاری چارەسەربکات" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکان کرا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە؛ دەبێت بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکاندا رێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵک بگیرێت و هاوکاتیش نابێت هەوڵی پەراوێزخستنی هیچ لایەن و پێکهاتەیەک بدرێت.

لە دواین تەوەری کۆبوونەوەکەشدا باسی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دۆخی سیاسی عێراق کراوەو هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە لایەنە عێراقییەکان هەستیاری دۆخەکە لەبەرچاو بگرن و بە گرتنەبەری سیاسەتی حەکیمانە خۆیان بەدووربگرن لە هەر جۆرە هەڵوێست و هەنگاوێک کە سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە.