نانەواکەی هەولێر پاش فشارو ناڕەزاییە فراوانەکان ئازاد کرا

09-01-2024 01:19
نانەواکەی هەولێر لەکاتی دەربڕینی ناڕەزایی لە گردبوونەوەکەی هەولێر، 8-1-2024

پەرەگراف

پاش شەوێک هێشتنەوەی لە ئاسایشی هەولێر و دروستبوونی فشارو ناڕەزایەتی فراوان لەسەر دەستگیرکردنی، کەمێک لەمەوبەر ئەو نانەوایەی هەولێر کە دوێنێ ڕەخنەی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم گرت، ئازاد کرا.

دەستگیرکردنی ئەو نانەوایە ناڕەزایی فراوانی لێکەوتەوەو بەشێک لە حیزبەکان بەیاننامەیان دەرکرد لە دژی دەستگیرکردن و بۆ پشتیوانیی نانەواکە.

هاوکات ٢٠ پارێزەر لە هەولێر تیمێکی خۆبەخشیان پێکهێنا بۆ بەرگری لە نانەواکە لە ڕووی یاسایی و لە دادگا.

ئیدریس مەسعود كە خاوەنی نانەواخانەیە، دوێنێ لە گردبوونەوەی ‏خاوەنی نانەواخانە و سەمووناخانەكاندا ڕەخنەی لە بڕیاری مەسروور ‏بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ هەرزانكردنی نان و سەموون گرت، ‏ئێوارەی هەمان ڕۆژ لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر كرا.

‏"بە خۆم و كوڕەكەمەوە لە بەیانی تا ئێوارە ئیش دەكەین، داهاتی ڕۆژانەم ‏‏35 هەزار دینارە. بەو شێوەیەی ئێستا بێت ڕۆژی 50 هەزار دینار زەرەر ‏دەكەم. ئەدی ئێمەش هاووڵاتیی ئەو نیشتمانەی نینە؟! تەنیا ئێمە دەبێت ‏باجەكەی بدەین كە هەژارین؟! ئەگەر (سەرۆكی حكومەت) چاكسازی دەكات ‏با لە ماڵی خۆی و منداڵەكانی و ئامۆزاكانیەوە دەست پێ‌ بكات"، ئیدریس وای وت.‏

ئەو نانەوا بە تووڕەییەوە بڕیارەكەی ڕەت كردەوە و بە هەوڵێك بۆ ‏‏"برسیكردن و ڕیسواكردن" ناوی برد.‏