نانەواكەی هەولێر دەستگیر كرا؛ پارێزگار جەخت لە جێبەجێكردنی بڕیاری هەرزانكردنی نان و سەموون دەكاتەوە
پەرەگراف
"بە خۆم و كوڕەكەمەوە لە بەیانی تا ئێوارە ئیش دەكەین، داهاتی ڕۆژانەم 35 هەزار دینارە. بەو شێوەیەی ئێستا بێت ڕۆژی 50 هەزار دینار زەرەر دەكەم. ئەدی ئێمەش هاووڵاتیی ئەو نیشتمانەی نینە؟! تەنیا ئێمە دەبێت باجەكەی بدەین كە هەژارین؟! ئەگەر (سەرۆكی حكومەت) چاكسازی دەكات با لە ماڵی خۆی و منداڵەكانی و ئامۆزاكانیەوە دەست پێ بكات"، خاوەنی ئەم قسانە كە نانەوایەكی شاری هەولێر بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كرا.
پارێزگای هەولێرش لە ڕوونكردنەوەیەكدا جەخت لە جێبەجێكردنی بڕیاری هەرزانكردنی نان و سەموون دەكاتەوە و دەڵێت "ئەوانەی ئەمڕۆ ناڕەزایەتییان دەربڕی، بۆ شێواندنی بارودۆخەكە بوو".
ئیدریس مەسعود كە خاوەنی نانەواخانەیە و ئەمڕۆ لە گردبوونەوەی خاوەنی نانەواخانە و سەمووناخانەكاندا ڕەخنەی لە بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ هەرزانكردنی نان و سەموون گرت، ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر كراوە، هێشتا نازانرێت ئەو نانەوا چ تۆمەتێكی دراوەتە پاڵ.
ئەو نانەوا بە تووڕەییەوە بڕیارەكەی ڕەت كردەوە و بە هەوڵێك بۆ "برسیكردن و ڕیسواكردن" ناوی برد.
لە بەرانبەردا پارێزگای هەولێر لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "ئەوەی ئەمڕۆ ڕووی دا، كە هەندێك كەس بە ناوی خاوەنی سەموونخانە و نانەواخانە گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان ئەنجام دا، جگە لە مەرام و مەبەست بۆ شێواندنی بارودۆخەكە هیچی تر نەبوو، بەڵگەش بۆ ئەوە هەندێك لەوانەی لە نێو گردبوونەوەكەدا بوون بە دوور و نزیك پەیوەندیان بە سەموونخانە و نانەواخانەكان نەبووە و ئاگاداری ئەو بڕیار و پاڵپشتی و هاوكارییانەش نەبوون كە بۆ خاوەنی سەموونخانە و نانەواخانەكان كراوە".
بەپێی ڕوونكردنەوەكە، بڕیار دراوە وەكوو پاڵپشتی و هاوكارییەك بۆ نانەواخانە و سەموونخانەكان، لەمەودوا "نرخی هەر لیترێك غاز 50% داشكاندنی بۆ بكرێت و ڕۆژانە بە زیادەوە بە بڕی (300 دینار) بۆ هەر لیترێك غازیان بۆ دابین بكرێت، كە خۆیان پێشتر بە (600 دینار) بۆ هەر لیترێك غازیان كڕیووە، ئەوە جگە لە دابینكردنی ئارد بۆیان بە نرخی (30 هەزار دینار) بۆ هەر فەردەیەك و لەگەڵ كڕینی هەر تەنێك ئارد فەردەیەك ئاردیان بە خۆڕایی پێ بدرێت و لە پێدانی كارەباش پاڵپشتییان بكرێت".
بەشێك لە خاوەنی نانەواخانە و سەموونخانەكان كە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، دەڵێن دەبێت نرخی هەموو پێداویستییەكانیان بە ڕێژەیەكی بەرچاو بۆ كەمبكرێتەوە، ئینجا دەتوانن 10 نان یان سەموون بە هەزار دینار بفرۆشن، بە پێچەوانەوە "زەرەر" دەكەن.
لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگای هەولێر جەخت دەكاتەوە كە ئەو بڕیارە لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە بۆ "بەرژەوەندیی گشتی و بە تایبەتی چینی هەژار و كەمدەرامەت" دەركراوە و هەر سەموونخانە و نانەواخانەیەكیش پابەندی بڕیارەكە نەبێت ڕووبەڕووی "ڕێكاری یاسایی" دەكرێتەوە.