مامۆستایان: ئۆباڵی فەوتانی ساڵێکی خوێندن دەکەوێتە گەردنی وەزارەتی پەروەردەو ئەنجومەنی وەزیران
پەرەگراف
مامۆستایان لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین بەردەوامن لە خۆپیشاندان و سوورن لەسەر بایکۆتی دەوام، دەڵێن: لەمڕۆوە ئۆباڵی فەوتانی ساڵێکی خوێندن و هەر کارەساتێکی تری پەروەردەیی دەکەوێتە گەردنی وەزارەتی پەروەردەو ئەنجومەنی وەزیران.
"هیچ بەڵێنێک کە مەرجدار بکرێت بە پڕۆژە یاسایەکی نادیارەوە بە دەستکەوت هەژمار ناکەین و بە شایستەی ئەوەی نازانین ڕەنج و ماندووبوونی چوار مانگی پێ لەبار ببەین" نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ وادەڵێن.
هەروەها مۆستایانی دامەزراو دەڵێن: "ئەمڕۆ بە دەستپێکی خەباتێکی نوێ و قۆناغێکی نوێ دەزانین لە هەرێمی کوردستان".
دوێنێ دواى کەمتر لە دوو کاتژمێر لە وەڵامەکەى وەزیرى پەروەردە بۆ مامۆستایان، ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وەڵامەكەی وەزیری پەروەردە و بایكۆت شكاندنى ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند "خۆپیشاندانی بەرفراوان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان ئەنجام دەدەین و درێژە بە بایكۆت و خەباتی مەدەنی دەدەین".
ئەنجوومەنەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "مەرجداركردنی جێبەجێكردنی داخوازییەكانمان و بەستنەوەی بە هەمواری نادیاری یاسای بودجەی عێراقەوە، خۆدزینەوەیە لە جێبەجێكردنیان و باوەڕ بەوە ناكەین كە ئەم حكومەتە نیەتی چارەسەركردنی گرفتەكانی هەیە".
"دەبوو حکومەت ڕاستەوخۆ بڕیاری جێبەجێكردنی داخوازییەكانی بدایە، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بەڵێن و بڕیار دراوە بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانمان، بەڵام تەنیا مەبەست لێیان شكاندنی بایكۆت بووە و دواتر داخوازییەكانمان پەراوێز خراون"، ئەنجوومەنی مامۆستایان فەرمانبەرانی ناڕازی وە دەڵێت.
وەزیری پەروەردەی هەرێم لە نووسراوێكدا لەژێر ناوی "وەڵام"، وەڵامی یاداشتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی دایەوە و ڕایگەیاند كە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە بۆ "دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و بەگرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژ".
بەپێی نووسراوێك كە وەزیری پەروەردە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردەی كردووە، دوو خاڵ لە بەرژەوەندیی مامۆستایان و فەرمانبەران جێبەجێ دەكرێن، بەڵام پاش "هەرمواركردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان".
مامۆستایان فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێن "ئەو نووسراوەی وەزیری پەروەردە لەژێر ناوی وەڵامدا بڵاو كراوەتەوە و نە بڕیارە و نە ڕەزامەندییە، بۆیە وەزارەتی دارایی دەتوانێت بە پاساوی نەبوونی بودجە جێبەجێكردنی ڕەت بكاتەوە".
دەشڵێت "نووسراوەكە كاتی دیاری نەكردووە و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیشی بەستووەتەوە بە هەمواری یاسای بودجەوە، ئەمە جگە لەوەی كە دەڵێت مامۆستایانی وانەبێژ دەكرێن بە گرێبەست نە میلاك، مامۆستا هەیە 15 ساڵە وانەبێژە، ئایا چەند ساڵی دەكرێت بە گریبەست و كەی دادەمەزرێت؟".