قوباد تاڵەبانی: دەبێت كۆتایی بەم پینەكردنە بهێنین و كێشەی مووچە بە یەكجاری چارەسەر بكەین
پەرەگراف
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت كە وەفدی حكومەتی هەرێم لە بەغدایە بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەی مووچە و ئەنجامدانی "ڕێككەوتنێكی گشتگیر" لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەری ڕیشەیی ئەو كێشەیە. دەشڵێت "دەبێت كۆتایی بەم پینەكردنە بهێنین".
قوباد تاڵەبانی بۆ میدیاكان "گەشبینی"ـی خۆی بە كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەغدا ڕاگەیاند و وتی "هەوڵەكان بەردەوامن بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و كۆتاییهێنان بە كێشەی مووچە".
سەبارەت بە كێشەی پرۆسەی خوێندنیش، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی "بڕیارەكەی ئەمڕۆی وەزارەتی پەروەردە دروستە و بەشێك لە داواكارییەكانی مامۆستایانی تێدایە، هیوادارین ئەو بڕیارە ببێتە مایەی ئەوەی دەرگای خوێندنگەكان بكرێنەوە".
هەروەها جەختی كردەوە كە "بە هیچ شیوەیەك نابێت سێ مووچەی كۆتایی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆرانی هەرێم بفەوتێت و هەموو هەوڵێكی ئێمە بۆ ئەوەیە نەفەوتێت".